
لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانیدا لە بەغداد، وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی و ئامادەبوونی هەر یەکە لە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، خالید شوانی و یوسف گۆران، لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ شەمە(24/1/2026) بەڕێوەچوو، تاوتوێی دۆخی سیاسی عیراق و چۆنییەتی بەرەو پێشچوونی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا.
وەفدی یەکێتی دید و روانینی یەکێتی بۆ داهاتووی عیراق و حکومەتی نوێ خستەڕوو.
قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە کێشە و تەحەداکانی بەردەم عیراق و دۆخی ئابووری و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، روونی کردەوە، کە پێویستە هەموو لایەنە عیراقییەکان پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە لە ئاست قۆناغەدا بێت و بتوانێت سەقامگیری عیراق بپارێزێت و لە رووی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووریشەوە هەنگاوی گەورە بنێت.
جەختیشی کردەوە، کە دەبێت حکومەتی داهاتوو کێشەکانی هەرێم و بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بکات و هەرێم و بەغداد پێکەوە هاوکاربن بۆ گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان.
