
چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستان – باشووری کوردستان بووە بە گۆڕەپانی خۆپیشاندانی بەرفراوان بۆ پشتیوانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان. خۆپیشاندانەکان لە کاتێکدا دەستیان پێکرد کە گروپە چەکدارەکانی حکومەتی کاتیی سووریا هێرشی چەکدارییان کردە سەر ناوچە کوردنشینەکانی سووریا، بە تایبەت لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە حەلەب و کۆبانی و تەبقە و ڕەققە.
خۆپیشاندانە ملیۆنانییەکەی ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە سلێمانی، هەولێر، هەڵەبجە، دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی ڕاپەڕین و گەرمیان، بە دروشمی “یەکە یەکە، کورد و کوردستان یەکە” پەیامی یەکگرتوویی نیشتمانی کوردی گەیاندە هەموو جیهان و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژی لە ڕۆژئاڤا و داگیرکاری سەر خاکی کوردستان.
لەم چوارچێوەیەدا، خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین – قەزاکانی ڕانیەی دەروازە، قەڵادزێی قەڵای شۆڕش و حاجیاوای هەستانەوە، بە کۆی شارۆچکە و دێهاتەکانیانەوە، وەک هەمیشە ڕاپەڕینساز هاتنە سەر شەقام و هاوکات لەگەڵ ڕەتکردنەوەی ستەمکاری سەر خوشکان و براکانیان لە ڕۆژئاڤای کوردستان، پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاڤا دووپاتکردەوە.







