قوباد تاڵەبانی پێشوازی کرد لە تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا و لەکۆبونەوەیەکدا باسیان لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش کردووە لە ناوچەکەدا.

لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێز تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا باسمان لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش کرد لە ناوچەکەدا. ئێمە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەبێت ئەو زانیارییانە زۆر بە جدی وەربگرین کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەن بۆ ئەوەی جارێکیتر سەقامگیریی ناوچەکەمان بخەنە مەترسییەوە.
جەختیشم لەوە کردەوە کە پێویستە لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاری پێشوەختەمان هەبێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی ئەم گروپە تیرۆریستییە و بۆ ئەمەش لەڕووی سیاسییەوە پێویستیمان بە یەکڕیزی و کۆدەنگی هەیە تا بتوانین لەڕووی ئەمنی و سەربازیشەوە بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بین و سەقامگیریی وڵاتەکەمان بپارێزین.