
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال، ئەكادیمیای پەروەردە و پەرەپێدانی كادیرانی سەر بە مەڵبەندی دیراساتی گشتی بەسەر كردەوەو لەلایەن دكتۆر یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی و دكتۆر مۆفەق خالد لێپرسراوی ئەكادیمیای پەروەردەو پەرەپێدانی كادیران و دكتۆر ئومێد رەفیق لێپرسراوی ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیجی و مامۆستا و خوێندكارانی ئەكادیمیاوە پێشوازی لێكرا.
لە وتەیەكدا دكتۆر یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی، بەخێرهاتنی قوباد تاڵەبانی كرد، كە پشتیوان و هاوكار بووە لە كردنەوەی ئەكادیمیای كادیران.
پاشان لە وتەیەكدا قوباد تاڵەبانی خۆشحاڵی خۆی بە كردنەوەی ئەكادیمیای پەرەوەردە و پەرەپێدانی كادیران دەربڕی و رایگەیاند: ئێمە دەمێكە لە پەروەردەكردنی كادیرانی خۆمان و بەتایبەت كادیرانی گەنجی وەك ئێوە دابڕواین، بەڵام خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ دەبینم دووبارە بە باشترین شێوە پەروەردە دەكرێن و بۆ كاری حزبی و بوارەكانی تر ئامادە دەكرێن.
راشیگەیاند: چاومان لە ئێوەیە ببنە پردی پەیوەندیی نێوان نەوەی رابردوو و ئێستای حزبەكەمان و زۆر كێشە و تەحەدای هەیە، كە دەبێت چارەسەری بكەن. چونكە ئەوەی ئێوە لێرە فێری دەبن، دەستپێكێكە بۆ قۆناغی داهاتوو.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد، كە دەبێت هەمیشە مەعنەویاتتان بەرزبێت و من گەشتبینم بە داهاتووتان، چونكە ئێوە دەبن بە ئەستێرەی نوێی حزبەكەمان، بۆیە ئێوە دەتوانن لەناو ئۆرگانەكاندا رۆڵی گرنگ و كارا بگێڕن.
ئاماژەی بەوەشكرد: كە لە داهاتوویەكی نزیكدا لە هەولێر بەشێوەیەكی سەردەمیانە ئەكادیمیای كادیران دەكەینەوە، چونكە لەهەولێر و بادینان و دەوروبەریدا پێویستمان بە كادیری نەوعی زیاتر دەبێت.
پاشان لەلایەن خوێندكارانی ئەكادیمیاوە چەند پرسیارێك ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی كران و بە وردی وەڵامی دانەوە.
