
ئەرسەلان مەحمود
ئەوەی لە دەباشان ڕوویدا، کۆبوونەوەیەکی ئاسایی نەبوو. نێردەی سەرۆک ترەمپ بۆ سوریا، بریکاری ئەمەریکا لە ئەنقەرە، بریکاری ئەمەریکا لە بەغداد، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، هەمووان لەسەر مێزێک، لە ژورێکدا. ئەمە ڕێکەوت نییە، بەڵکوو جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە بۆ چەند کاتژمێرێک ناوەندە گرانیگاکەی خۆی لە بەغداد و دیمەشقەوە گواستەوە سلێمانی.
ئاستنشینەکەی بەغدادی ئێستا: سێ مانگ بەسەر دوا هەڵبژاردنیدا تێپەڕیوە، بەڵام نە سەرۆکی نوێ هەیە و نە سەرۆک وەزیرانی تازە. هەولێر خەریکی کار و فایلیەکەی خۆیەتی. ئەوەی فایلەکانی عیراق و سوریا و کورد پێکەوە دەبەستێتەوە، سلێمانییە. ئەم سەردان و کۆبوونەوانەی ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٦، ئەوە پیشان دەدەن واشنتۆن بە تەواوەتی لەمە – لەم حەقیقەتە تێگەیشتبێت.
بافڵ جەلا تاڵەبانی – سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، بە حزور و ڕۆڵە بەردەوامەکەی سەلماندی نە تەنها سەرۆکی حزبێکە، بەڵکوو کارەکتەری یەکلاکەرەوە و گرنگە، هەم لە بەغداد و هەم لە ڕۆژاڤا پێگە و تێگەی خۆی هەیە و هەم لەگەڵ واشنتۆنیشدا دەتوانێت بە زمانی بەرژەوەندیی هاوبەش قسە بکات. ئەوەی لە دەباشان ڕوویدا، بەرئەنجامی ئەو تێگە و پێگە و جوڵە بەرفراوانەیە — نەک ڕێکەوت، یەکێتی تەنها پشتگیر و نێوەندگیرێک نییە مۆڕاڵی — ڕابەرایەتی لۆجیستیکی و دیپلۆماسی واقیعبینانەی کوردی دەکات.
ڕێکەوتنەکەی سوریا هێشتا جێبەجێ نەکراوە، عیراق لە بنبەستدایە. ئەمەریکا ماڵیکی ی ڕەتکردووەتەوە. کورد لەسەر سەرۆکایەتی کۆماری عیراق ناکۆکە. ئەمانە ڕاستین. بەڵام ئەمانە بۆ یەکێتی تەنها مەترسی نین — فرسەتیشن. یەکێتی ئێستا لە یەککاتدا هەم لەگەڵ پارتی لەسەر فایلی سەرۆکایەتی دانوستان دەکات، هەم لە بەغداد لەگەڵ لایەنە شیعەکان تاوتوێ دەکات و هەم ئەمەریکا لەگەڵیدا لە گفتوگۆدایە. ئەمە هاوسەنگییەکی ئاڵۆزە بەڵام هاوکات دەسەلاتێکی مەزنە. یەکێتی ئەمڕۆ، ئەو هێزەیە هەمووان پێویستیان پێیەتی — نەک تەنها وەک هاوپەیمان، بەڵکوو وەک ناوبژیوان، وەک هزر و هێزی نیشتمانی.
پێکەوە هاتنەکەی باراک و هاریس بۆ سلێمانی، ئەم ڕاستییە ئاشکرا دەکات. ئەمەریکا تەواو لەوە تێگەیشتووە: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کلیلی چارەسەریی هەردوو فایلی سوریا و عیراقە. ڕیپۆستکردنەوەی باراک بۆ پۆستی سەرۆک تاڵەبانی و وشەکانی سەبارەت بە شارستانییەتێکی ئازا و بوێر و سەرەتایەکی نوێی پڕ لە هیوا لە ئاستی دیپلۆماسیدا نابێت وەک کلیشە و ئاسایی بخوێنرێتەوە. ئەمانە وشەکانی نێردەی سەرۆکی ئەمەریکان دڵخواز و هۆشیارانە نوسراون — نیشانەی ئەوەن واشنتۆن لە ئاستی بڕیارداندا یەکێتی وەک هاوکاری ستراتیژیکی قەبووڵ کردووە.
ئەوەی ئەمڕۆ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەیکات — دانیشتن لەگەڵ باراک، دانیشتن لەگەڵ عەبدی، دانیشتن لە بەغداد — دەبێ بۆ هەمووان ببێتە ستانداردێکی بەردەوام و نەک ساتی تایبەت. یەکێتی دەتوانێت ئەم هاوسەنگییە بپارێزێت، دەتوانێت یەکگرتن و یەکدەنگی کورد ڕێبەرایەتی بکات، ڕابردووی یەکێتیی، دید و هەنگاوەکانی ئێستای، ئایندە سازن، دیدار و کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ و سبەی نەک هەر بنەمای قۆناغێکی نوێی سیاسین بۆ یەکێتی، بەڵکوو بۆ کورد و کوردایەتی بە گشتی لە ناوچەکەدا.
