مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین: دەروازەی ڕاپەڕین، دەروازەی کۆدەنگی نیشتمانییە

مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین:
دەروازەی ڕاپەڕین، دەروازەی کۆدەنگی نیشتمانییە
٥ی ئازاری ١٩٩١ — ٥ی ئازاری ٢٠٢٦


هاونیشتمانیانی خۆشەویست،
کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان،
پێشمەرگە قارەمانەکان،
ئەمڕۆ سی و پێنج ساڵ بەسەر یادی ڕاپەڕینی ٥ی ئازاری ١٩٩١ـدا تێدەپەڕێت. لەم ڕۆژە مێژوویی و پیرۆزە نیشتمانییەدا، درود بۆ ڕۆحی ڕابەری مەزنی گەلەکەمان سەرۆک مام جەلال دەنێرین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری نیشتمانی و پارێزگاری لە دەستکەوتەکان دادەنەوێنین. ڕۆڵی شۆڕشگێڕانە و قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ڕێکخستنە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامبوانی سەنگەر، ژنان، خوێندکاران، مامۆستایان، سەرجەم چین و توێژەکان و گوندنشینانی کوردستان بەتایبەتی بەرز و پیرۆز دەنرخێنین کە بە خۆڕاگری و قوربانیدانیان، شکۆی سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاپەڕینیان نەخشاند و بوونە هێمای بەرخودان و سەرفرازی نەتەوەیی و نیشتمانی.

ئەوێ ڕۆژێ ڕانیەی شۆڕش و دەروازەی ڕاپەڕین، چۆن بوو بە هێمای خۆڕاگری و یەکگرتوویی گەلەکەمان و پڕشنگدانی ئازادی، ئەمڕۆش سەرمەشقی خەبات و یەکڕیزییە. ڕاپەڕین، زادەی هەلومەرجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بوو. یەکێتی و سکرتێرە جاویدانەکەی توانیان هەموو لایەنەکان بهێننە سەر ئەو باوەڕەی کە دەبێ ڕاپەڕینی سەرتاسەری دەستپێبکات.

یەکەم بانگەوازی دەنگی گەلی کوردستان هەمووانی جۆشداو شەقامەکانی بەڕووی داگیرکاری و ستەمکاری بەعسدا خرۆشاند. سیمبولی ڕاپەڕین شەهید عەلی نەبی و پاڵەوانانی ڕاپەڕین شەهیدان ئەرسەلانی کاکە هەمزە، سمایل وەرتی ئەو زەماوەندە لە گڕو کڵپەیە بوون کە کەرنەڤاڵی ڕابوونی مەزن، دەزگە و دامەزراوە سەرکوتکارەکانی بەعسی بەسەریەکدا خست و وەرچەرخانێکی مێژوویی بەدوای خۆیدا هێنا.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ڕێبازی سەرۆک مام جەلال، لە دوای کۆنگرەی پێنجەم و لەسەر دەستی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی گۆڕانکاری گەورە و بنەڕەتی لە ژیانی حزبی و جڤاکیدا بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەمڕۆ یەکێتی لە هەرێمەوە بۆ بەغداد و ناوچەکە بەگشتی دەنگی کاریگەری و بەرپرسانەی خەڵکی کوردستانە.

لە مینبەری ئەم یادە مەزنەدا، دامەزراندنی ناوەندی تواناسازی گەنجان و پێشخستنی کەرتەکانی پەروەردە، تەندروستی، کشتوکاڵ، ڕێگەوبان و گەشتیاری دەڤەرەکەمان بە ستانداردی نێودەوڵەتیی و دروستکردنی پڕۆژەی ستراتیژی بۆ بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بە گرنگ و تێکۆشانی لەپێشینە دەزانین و جەخت دەکەینەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پلانی گشتگیری بۆ گەشەپێدانی ئیداری و خزمەتگوزاری ڕاپەڕین هەیە.

ڕانیە، قەڵادزێ، پشدەر و بیتوێن و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بەگشتی، لە ٣٥ ساڵی ڕابردوودا گەشەسەندنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمڕۆش بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و بەڕێز قوباد تاڵەبانی، قۆناغێکی نوێ لە خزمەتکردن بەڕێوەیە و بەشداری ڕاستەوخۆی هاوڵاتیان لە پڕۆسەی بڕیارداندا ئامانجیەتی و بەرنامەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ دەکات.

هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ، هێشتا چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمە، بەغدادیش پرسی سەرۆکی کۆمار و حکومەتی نوێ بەردەمە. لەم هەلومەرجەدا هیچ شتێک بە ئەندازەی یەکدەنگی کورد و کۆدەنگی نیشتمانی گرنگ نیە. ڕاپەڕینی بەهاری ئازادی فیری ئەوەی کردین: کاتێک کورد یەکڕیز بن هیچ ئاستەنگێک نایانوەستێنێت.

داوا لەهەموو لایەنە سیاسیە نیشتمانییەکان دەکەین کە دۆسیەکانی مافی دەستوری هەرێم، نەوت و بودجە، مووچە و پەیوەندی هەولێر و بەغداد بە یەکدەنگییەوە بەڕێوەببەن. دانوستانی نێوان لایەنەکان دەبێت خزمەتی بەرژەوەندی خەڵک بکات نەک بەرژەوەندی حزبی و کەسی. ئیدارە و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم دەبێت هەرچی زووترە کار و چالاکییان دەستپێبکاتەوە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری هاوڵاتیان نەوەستێت. با هەموومان پێکەوە، بە گیانی ڕاپەڕین، بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو بنێین بۆ بەدیهێنانی خەونە وەدینەهاتووەکانی شەهیدان.

درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
سڵاو لە تێکۆشەرانی دوێنێ و ئەمڕۆی کۆڕی خەبات و بەرخودانی نیشتمانی.

مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
ڕانیە — ٥ی ئازاری ٢٠٢٦