پەیامی کۆسرەت رەسول عەلی لە (35)ەمین ساڵیادی راپەڕین

(٣٥)هەمین ساڵیادی راپەڕینی گەلی کوردستان دژی رژێمی فاشیستی بەعس لە سەرجەم کوردستانیان پیرۆز دەکەم، ئاواتەخوازم ئەم یادە پیرۆزە بکەینە هەوێنی تەبایی و یەکڕیزی گەلەکەمان.
٣٥ ساڵ لەمەوبەر، بە یەکڕیزی نێوان هێزە کوردستانییەکانی ناو بەرەی کوردستانی، بە پاڵپشتی و پشتیوانی جەماوەری راپەڕیوی کوردستان و رێکخستنە نهێنییەکان و شانە چەکدارەکان، پلانی راپەڕینمان داناو گەلەکەمان لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە لەدژی زوڵم و زۆری و ستەمی رژێمی بەعس راپەڕی و لەماوەیەکی یەکجار کورتدا بەعس و بەعسییەکانی کوردستان بەدەر کردو گەلەکەمان بووە خاوەن حوکمڕانی خۆماڵی و هەڵبژاردنی ئازاد ئەنجام دراو حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات.
ئەمڕۆ کەیادی راپەڕین و ئازادکردنی کوردستان لە چنگی رژێمی بەعس دەکەینەوە، ناوچەکە بەدۆخێکی یەکجار سەخت و دژوار تێپەڕ دەبێت، گەلەکەمان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و تەبایی هەیە، ئەرکە لەسەر هێزو لایەنە سیاسییەکان یەکگرتوو بن و لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە ئاواتی لەمێژینەمان و پاراستنی کوردستان لە هەر گرژی و ململانێیەک پێکەوە خەبات بکەن و بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببنەوە.
دووبارە ساڵیادی راپەڕین و ئازادکردنی سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان لە کوردستانیان پیرۆز دەکەم و سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدان دادەنوێنم.
کۆسرەت رەسول عەلی
٥ی ئازاری ٢٠٢٦