
عومەر قادر وسو
بەرەبەیانی پێنجی ئاداری 1991، گەلی کورد لە باشووری کوردستان، لە شاری رانیەی قارەمان، رژانە سەر شەقام و بە دروشمی شۆڕشگێڕانە، زاخاودراو بە رق و تۆڵەی پەنگخواردووی رەفتاری دوژمنکارانەی رژێمی بەعسی لەگۆڕنراو کە ئەو سەردەمە خاوەنی گەورەترین هێزی سەربازی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو، لەو رۆژەدا بێ گوێدانە تواناکانی ئەوێ رۆژێی بەعسییەکان و نابەرابەری لە چەک و تەقەمەنی، دەستی دایە راپەڕین و شەڕی مان و نەمان، لەماوەی تەنها یەک رۆژدا شاری رانیە، لە بەعسییەکان پاککرایەوە و کەوتەوە دەستی گەل.
دواتر لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان، راپەڕین کڵپەی سەند و تەواوی کوردستان لە بەعسییەکان پاککرایەوە بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشەوە، لەو پێناوەدا، گەلەکەمان دەیان شەهیدی بەخشییە نیشتمان و یەکەم دەستکەوتی گەلەکەمان، جارێکی تر خاوەندارێتی خاکی پاکی کوردستان بوو کە ئەگەر بەعسییەکان بەو دەردە نەبرابان بەرنامەیان بوو کورد لەبۆتەی فاشیزمی عەرەبیدا بتوێننەوە و خاکەکەی داگیر و دابەش بکەن.
چەند فاکتەرێکی سەرەکی لە ئارادا بوو بۆ راپەڕین، دیارە هیچ هەڵگەڕانەوە و سەرکەوتنێک بێ هۆ نییە و لەخۆوە دروست نابێ، دەکرێت بڵێین یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جیا لە هەموو حزبەکانی تر، بڕوای بە خەباتی جەماوەریی هەیە و هەمیشە کۆمەڵانی خەڵکی بە تاکە پشتیوان و سەرکەوتنەکانی زانیوە، هەر لەو روانگەیەشەوە ی.ن.ک بە نەخشەساز و جێبەجێکار و هاندەری راپەڕین دادەنرێ کە توانیی خەباتی خەڵک و پێشمەرگە ئاوێتەی یەکتر بکات لە رێگەی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی شار و شاخ.
رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان کە تاکە کەناڵی بیستراوی ئەو سەردەمە بوو کە کۆمەڵانی خەڵک پشتی پێببەستێ و گوێ لە نەعرەتەکانی بگرێت، خۆشبەختانە، هەر وەک ئەوەی لەم دواییانە لە رووداوەکانی رۆژئاوادا بینیمان، ئەو رۆژانە لایەنە سیاسییەکان لە بەرەیەکدا ئامانجیان کرد بە یەک و بە یەک دەنگ و یەک بڕوا دەستیانکرد بە هاندانی جەماوەر و پشتگیریکردنیان، هەر ئەم هەڵوێست و هاوپشتی و یەک بوونەش بوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا کە ئێستا خاوەنی هەرێمێکی سەربەخۆین لە حوکمڕانیدا.
بەداخەوە کە ساڵانە لەیادی راپەڕیندا، زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکان، بە ناچاری پۆزش دەهێننەوە بۆ دانیشتوانی هەرێم کە حوکمڕانیی خۆماڵی نەیتوانیوە خواست و ئامانجەکانی راپەڕین بێنێتەدی، پێویستە هیچ کاتێک رەفتارەکانی بەعس لەبیر نەکەین کە دەرهەق بە گەلەکەمان کردوویەتی.
رۆژی راپەڕین و یادکردنەوەی ئەرکی هەموو کوردێکی دڵسۆزە، پێویستە ئەو راستییە فەرامۆش نەکەین کە ساڵانە تەنها و تەنها یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یاد و بۆنەی سەرکەوتن و نەهامەتی و رۆژە رەشەکانی کورد لەبیر ناکات و لە یادەوەریماندا بە زیندوویی دەیانهێڵێتەوە، چونکە راپەڕینی کرد بە موڵکی گەل.
