
شانازیی بە بەڕێوەبەران و پزیشکان و کارمەندانی کەرتی تەندروستیی سلێمانییەوە دەکەم کە سەرباری هەموو کێشە و قەیران و کەموکوڕییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، بە دڵسۆزی و ماندووبوون و شارەزایی خۆیان نەک هەر نەیانهێشت کەرتی تەندروستی پەکی بکەوێت، بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستان وعێراقدا پێشەنگن لە خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
لە کۆبوونەوەم لەگەڵ دکتۆر سەباح هەورامی و بەڕێوەبەرانی تەندروستیی سلێمانی پشتیوانیی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی پلانە نوێیەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەربڕی و بڕیاریشماندا لەسەر دابینکردنی ئامێرە پێویستیەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکان.
هەروەها باسمان لە ئامادەکارییەکان و گرتنەبەری هەندێک رێوشوێنی پێویست کرد بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لەم دۆخە ناسەقامگیرەی ناوچەکەدا. بە خۆشییەوە کەرتی تەندروستی لە ئامادەباشی تەواودایە.
