مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین: هەڵەبجە تەنها شارێک نییە، هەڵەبجە ویژدانی نەتەوەیەکە


لە١٦ی ئاداری ١٩٨٨ـدا، سەددامی دیکتاتۆر و ڕژێمە شۆڤێنییەکەی ئاسمانی هەڵەبجەیان مەرگبار کرد، لەو بەیانییەدا، منداڵەکان بە باوەش دایک و باوکیانەوە هەناسە بڕاو کران، خێزانەکان بەسەر سفرەی نانخواردنەوە بیناییان لەدەستدا، دوکەڵی بۆمبەکان شەقامەکانیان ونکرد. بەڵام هەڵەبجە لەو ڕۆژەدا نەک هەر نەمرد، بوو بە شارێکی تاهەتایی.

ئەو پێنج هەزار گیانەی لەو ڕۆژەدا بەرەو ئاسمان فڕین، نە تەنها قوربانی بوون، بەڵکوو بەڵگەنامەی ئەو بێدادەیە بوون دەسەڵاتی ستەمکار لە پێناو نەمانی نەتەوەیەکدا بەکاریهێنا. خوێنی ئەوان لەسەر خاکی هەڵەبجە وشکنەبوو، بەڵکوو بوو بەو ڕووبارەی بەردەوام کاروانی خەبات ئاو دەدات.

شەهیدانی هەڵەبجە و پەیامەکەیان ئەمانەتێکن لەسەر شانی نەوە لە دوای نەوەی میللەتەکەمان. ئەوانەی ئەمڕۆ هەناسە دەدەن، ئەرکیانە هەناسەی ئەو قوربانیانە بپارێزن بە ڕۆشنایی زانست و ئازادی و یەکگرتوویی. هەڵەبجە تەنها شارێک نییە، هەڵەبجە ویژدانی نەتەوەیەکە.

سەرفراز بێت گەلی کوردستان، دروود بۆ شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو کوردستان

مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین