ماڵپەری مەڵبەندی ٢٤ـی ڕاپەڕین مۆڵەتی فەرمی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان وەرگرت

رانیە – دووشەممە ١٦ی ئاداری ٢٠٢٦
ماڵپەری “raparin24.com”، کە ئۆرگانی ئەلیکترۆنیی مەڵبەندی ٢٤ـی ڕاپەڕینی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بە فەرمی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بە ژمارە تۆماری “١٧٥” تۆمار کرا و مۆڵەتی کاری ڕۆژنامەوانی بەدەستهێنا.

ئەم مۆڵەتە بەپێی بڕگەکانی “١، ٢، ٣، ٤، ٥، ٦” لە مادەی سێیەمی یاسای ڕۆژنامەگەریی هەرێمی کوردستان ژمارە “٣٥”ی ساڵی ٢٠٠٧ دەرچووە، پاش ئەوەی کە سەندیکا دڵنیا بووەوە لەوەی مەرجە یاساییەکان لە ماڵپەرەکەدا جێبەجێ کراون.

خاوەنی ئیمتیازی ماڵپەرەکە مەڵبەندی ٢٤ـی ڕاپەڕینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان’ـە و سەرنووسەرەکەی “ئەرسەلان مەحمود خدر”ە.

بەدەستهێنانی ئەم مۆڵەتە واتای ئەوەیە کە ماڵپەرەکە لەمەودوا بە شێوەیەکی یاسایی و فەرمی دەتوانێت چالاکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدات و بڵاوبکاتەوە. سەرنووسەری ماڵپەرەکە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “ماڵپەرێک کە مۆڵەتی فەرمی وەردەگرێت، ئەوە تەنها بەڵگەنامەیەکی کاغەزی نییە، بەڵکوو پەیمانێکە لەنێوان خۆی و خوێنەرەکانی. مۆڵەت بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر و فەرمیتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت: بەرپرسیارێتی ڕاستگۆیی، پیشەییبوون و پابەندبوون بە ئەخلاقیاتی ڕۆژنامەوانی.”

وتیشی: “لە کاتێکدا ئاسمانی میدیای کوردی پڕە لە ماڵپەر و پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی کە بێ هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی کار دەکەن، هەنگاوی مەڵبەندی ٢٤ـی ڕاپەڕین بۆ بە یاسایی کردنی کاری خۆی هەنگاوێکی پێویست و شایستەیە.”

ڕوونیشیکردەوە: “سەرەڕای خزمەتی چەند ساڵی ڕابردوو، ئەمە سەرەتای ڕێگەکەیە، نەک کۆتاییەکەی. پێوەری سەرکەوتن لەوەدایە ماڵپەرەکە چەندە زیاتر دەتوانێت خزمەتی ڕاستییەکان بکات و دەنگی خەڵک بێت، نەک تەنها بڵیندگۆیەکی حزبی.