
بەڕێز/ مەریوان مەسعود – بەڕێوەبەری دەنگی گەلی کوردستان
بەبۆنەی چل و حەوتەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و سەرجەم هاوکاران و کارمەندانی ئەم دامەزراوە میدیاییە مێژوویییە نیشتمانییە دەکەین.
لە ٢١ی ئازاری ١٩٧٩ەوە، کاتێک ئەم ئێزگەیە لە ناو شاخ و دۆڵ و لەژێر هەڕەشەی ڕژێمی بەعسدا بنکەی دانا، تا ئەمڕۆ کە بە ئامێرو تەکنەلۆجیای مۆدێرن دەنگی خۆی دەگەیەنێتە گەلی کوردستان، شکۆئ میللەتێکی ئازادیخوازە. سەرەتا بەناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دواتر وەک دەنگی شۆڕشی عێراق و لەکۆتاییدا بەناوی دەنگی گەلی کوردستان — هەر ناوگۆڕینێک بەرەو ئاستێکی بەرزتر و فراوانتری بەرپرسیارێتی گواستۆتەوە.
دەنگی گەلی کوردستان لەو سەردەمە دژواردا نە تەنها پردی پەیوەندی نێوان پێشمەرگەی گیانلەسەردەست و ڕێکخستنەکانی شار بوو، بەڵکوو ئامێری پاراستنی زمانی کوردی و کەلتووری کوردەواری بوو لەبەرامبەر سیاسەتی ڕوخاندن و سڕینەوەدا. هیوا بوو لە دڵی هەموواندا و دڵنیایی بە گوێی گەلی کوردستان دەدا، لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ یشدا کە پێنجی سێ لە رانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە دەستیپێکرد، هاوشانی پێشمەرگە جۆش و خرۆش و ورەی بەجەماوەر بەخشی و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە ڕاماڵینی ڕژێمی دیکتاتۆردا.
ئەمڕۆ ئێوە میراتگری ئەو ڕۆحن. هیوادارین لە سەردەمی ئێوەدا، دەنگی گەلی کوردستان هەمیشە پابەند بمێنێتەوە بەو نرخ و بایەخانەی لەسەری دامەزرا: ڕاستگۆیی، ئازادیخوازی و خزمەتی میللەت و نیشتیمان. ساڵ لە دوای ساڵ سەرکەوتنی زیاتر و بەرزترئ بۆ دەخوازین.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
