
هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز لە هەموو موسوڵمانانی كوردستان و جیهان پیرۆز بێت، نزا و ڕۆژووی هەموو لایەک قبووڵ بێت و ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ گەلەکەمان.
سەرباری ئەو گرژی و نیگەرانییانەی سێبەریان بەسەر ناوچەکەماندا کێشاوە، جەژنی ئەمساڵ تایبەتمەندییەکی تری هەیە کە ئاوێتەبوونییەتی لەگەڵ نەورۆزی کوردەواریدا، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئاشتەوایی و یەکڕیزیی زیاتری نێوانمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە دژوارە.
ئێمە ئەزموونی زۆر لەمە سەختترمان تێپەڕاندووە، بڕیاری گەلی کورد هەمیشە خۆڕاگری و مامەڵەی ژیرانە بووە. داواکارین لە خوای میهرەبان هێزمان پێ ببەخشێت تا وەک پێشینانمان، لەناو تەنگەژەکاندا ڕوو لە ئایندە و پڕ لە هیوا بین؛ بۆ شادکردنی گیانی پاکی شەهیدان و بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانمان.
