وتاری سەرۆک مام جەلال:چەند سەرەقەڵەمێك لەبارەی “نەورۆز”ەوە


چەند سەرەقەڵەمێك لەبارەی “نەورۆز”ەوە

سەربوردەی سرودی نەورۆز
نووسینی.. مام جەلال
سەرچاوە/ گۆڤاری خاك ژمارە 36 ی ساڵی 2000
چۆنییەتی دانانی ئاواز و چڕینی سروودی ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە:
حەمە ساڵح دیلان دەگێڕێتەوە و دەڵێت:
پێش هاتنی ڕۆژی نەورۆزی ساڵی 1948 مامۆستا برایم ئەحمەد كە تازە لە حیزبی (ژ.ك)ەوە هاتبووە ناو پارتی دیموكراتی كورد و كرابووە لێپرسراوی لقی ئەو حیزبە ویستی لە نەورۆزی ئەو ساڵەدا پارتی بەشداری بكا بەتایبەتی ساڵی 1948 بە ساڵی ڕاپەڕین ناسرابوو.
جۆرە ئازادی و سەربەستییەك لە عێڕاقدا هاتبووە ئاراوە
كاك برایم پێی وتم:
حەمە ساڵح لەگەڵ خاڵەیا بەینتان چۆنە؟
مەبەستی پیرەمێردی شاعیر بوو منیش وتم:
بەینمان زۆر باشە و لەگەڵ باوكما، مەلا ئەحمەدی دیلان دۆستایەتییەكی باشی هەیە و جگە لەوە یەك دوو جاریش شیعرەكانمی بۆ دەستكاری كردووم و زۆریش حەزی لە دەنگمە.
وتی: كەواتە بڕۆرە لای و داوای لێبكە، كە بۆ نەورۆزی ئەمساڵ شیعرێكمان بۆ دانێ و بەڵكو بە ھیممەتی تویش ئاوازێكی بۆ دابنێیت و لە ئاهەنگی ئەمساڵدا بە دەنگی خۆت بیڵێی.
بەڵام نەكەی پێی بڵێی كە برایم ناردوومی بۆ ئێوارێ منیش هاتمە بەردەم دوكانەكەی حەمە سەعی خەیات كە نزیك ئەم چایخانەی شەعبەی ئێستا بوو ئەبینم خاڵە لەگەڵ چەند دۆستێكی خۆی لە دوكانەكە پێكەوە دانیشتوون
هەر چەندە دونیا زۆریش سارد بوو بەڵام من لەبەردەم ئەو دوكانەیا ڕاوەستام.
كاتێ خاڵە هاتە دەرەوە و ئێوارە باشێكم لێكرد
پێی وتم ساڵە ئەڵێی ئیشێكت پێمە؟
وتم بەڵێ ئەمەوێ شیعرێكی تازەم بۆ نەورۆزی ئەمساڵ بۆ بنووسی كە خۆم ئاوازی بۆدائەنێم و لەو ئاهەنگەیا ئەیڵێم
ئینجا گوتی هەرچەندە درەنگە وەختە و سەرماشە بەڵام با شیعرەكەت بۆ بنووسم
ئیتر من ئەوە نەبوو شاگەشكە بم و دەستبەجێ كاغەزەم بۆ دەرهێنا كە لەوەوبەر لە ناوەڕاستی دەفتەرێكدا دەرمهێنابوو
خۆیشی قەڵەمەكەی لە گیرفان دەرهێنا و لەسەر پاكەتە جگەرەیەك دەستی كرد بە نووسینەوەی بەبێ ڕاوەستان
تەنیا ئەوە نەبێ جار جار لەبەر سەرما فوویەكی ئەكرد بە دەستیا
كە لێبووەوە بۆی خوێندمەوە وتی نابێ كەس لێت ببیستێ
وتم نەخێر
ئیتر خواحافیزیم لێكرد و یەكسەر چوومە ماڵی كاك برایم و شیعرەكەم دا پێی كە خوێندییەوە گوتی ئەی ماڵت بە قوڕ نەگیرێ خاڵە بۆ خۆت و ئەم شیعرە جوانە
دیلان وتی بە قەبری باوكم سێ جار ئەو شیعرەی خوێندۆتەوە كە جار لەدوای جار لەبەرچاوی خۆشەویستتر ئەبوو
ئینجا پێی گوتم حەمە ساڵح بتبینم
بزانم چۆن ئاوازێكی بۆ دائەنێی؟ پاش خواحۆفیزی لە مامۆستا برایم و بەڕێی گەڕانەوەما بۆ ماڵی خۆمان هەر بەدەم ڕێگاوە خەریكبووم شیعرەكە لەبەركەم
كە گەیشتمەوە ماڵەوە شیعرەكەم بۆ قادری برام خوێندەوە ئەویش شیعرەكەی زۆر بە دڵ بوو
پێم وت ئەمەوێ هەر ئەمشەو ئاوازی بۆ دابنێم ئەبێ تۆش یارمەتیم بەیت
ئەو شەوە بەسەر دە ئاواز زیاتردا بازمدا تا لە بەرەبەیانا بەسەر ئەم ئاوازەی ئێستادا كەوتم و هەروەكو شێت قادرم لە خەو هەڵسان و گوتم گوێبگرە قالە
كە دەستم كرد بە گوتنی ئەویش زۆر بە دڵی بوو
ئیتر لەگەڵما دەستی كرد بە كلارنێت لێدان
ئەوە بوو هەر لەبەرەبەیانەوە تا ڕۆژ بە تەواوی بەرز بووەوە ئەوە من و قادر خەریكین
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە لە ماڵی ئێمەدا لە گەڕەكی قەزازەكان دەنگی ئەدایەوە
ئیتر نازانم ئەو ڕۆژەش تا شەو چەند جارم گوتووە
شەو كە چوومەوە بۆ ماڵی كاك برایم و سروودەكەم بۆ خوێندەوە كاك برایم بڕیاری دا كەسبەینێ ئێوارە ئەم سرودە ئەبێ بە دەسبێكەری ئێوارەی جەژنی نەورۆز
پاشان لە نەورۆزی ساڵی 1958
بۆ دووەم جار ئەم سرودە بە مۆسیقاوە ئەوترێتەوەو تۆمار ئەكرێ لە ماڵی مامۆستا
شێخ محەممەدی خاڵ كە پاشان بووە بارەگای نوسەرانو ئەدیبانی كورد.
مۆسیقییەكان
كەمانچە قادر دیلان
عود ولێم یۆحننا
گرنگە بوترێ پاش تێپەڕ بوونی نزیكەی حەفتا ساڵ ئێستە نەوەیەكی دیلان ئەم سرود ئەڵێتەوە.