
لە ڕۆژی جیهانی شانۆدا، مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین گەرمترین پیرۆزبایی و ڕێزی خۆی پێشکەش بە هەموو شانۆکارانی کوردستان و دەڤەرە ڕەنگین و خۆشەویستەکەی ڕاپەڕین دەکات.
مێژووی شانۆ لە دەڤەرەکەماندا گەواهی دەدات کە شانۆ هەرگیز تەنها نمایشێکی هونەری نەبووە، بەڵکوو بەشێکی دانابڕاو بووە لە ناسنامەی نیشتمانی و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان. هونەرمەندانی شانۆکار لە سەختترین قۆناغەکانی خەباتی نهێنی و شۆڕشدا، بە وشە و هەڵوێست سەکۆکانیان دەکردە سەنگەری بەرگری و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە. درود بۆ گیانی پاکی شانۆکارانی شەهید و هونەرمەندانی گیانبەختکردووی ڕێگەی ئازادی و سەرفرازی.
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ئەم ڕۆژە دەکەینەوە، کوردستان و ناوچەکە بە قۆناغێکی ئاڵۆز و مەترسیدار تێدەپەڕین. سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی لایەنی ئەو ململانێ و کێشە هەرێمیانە نین، بەداخەوە خاکی نیشتمان و هاووڵاتیانی سڤیل و پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەبنە قوربانیی هێرشی موشەکی و درۆن. لەم ڕۆژەدا، وەک پارێزەرانی ڕۆحی بەرگری و ئاشتیخوازی گەلەکەمان، جەخت لەسەر پەرەپێدانی شانۆ و چالاکییە هونەرییەکان دەکەینەوە، هونەر بەرگریکردنیشە.
هاوکات، دەستخۆشی لە هەموو ئەکتەر، دەرهێنەر، نووسەر و شانۆکارانی ئەم بوارە دەکەین و پشتیوانیی مەڵبەند بۆ خزمەتی زیاتر و زەمینەسازیی باشتری بوارەکە دووپات دەکەینەوە. قۆناغی نوێی کار و چالاکیمان، قۆناغی بوژانەوە و پەرەپێدانی هونەر و هونەرمەندان بێت.
پیرۆزبێت ٢٧ی ئازار.
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای هونەر و مرۆڤدۆستی.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
