
مستەفا محمد
سەبارەت بە چارەنووسی ناوەندەکانی خوێندن لەم دۆخە پڕ لە گرژییەدا، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هەمووانەوە هەیە، پێمان وایە پێویستە وەزارەتی پەروەردە، ئاسایش و سەلامەتی بخاتە پێش هەموو شتێکەوە، چونکە بەردەوامبوون لە خوێندنی ناوپۆل لە سایەی ئەم مەترسییانەدا بڕیارێکی گونجاو نییە، لەبەر ئەم سێ هۆکارە:
یەک: جەنگ تەنها لە سنوورەکاندا نییە، ئاسمانی هەرێم لەبەردەم هەڕەشەی بەردەوامی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندایە، بۆیە ناوەندە قەرەباڵغەکانی خوێندنیش وەک هەر جێگە و پێگەیەکی تر کەبۆردومان کراوە، دوور نیە ببنە ئامانجێکی چاوەڕواننەکراو.
دوو: هەرێمی کوردستان لە هێڵی پێشەوەی هەر ئەگەرێکی سەربازییدایە، تێکەڵبوونی تەمومژی جەنگ لەگەڵ دۆخی نالەباری کەشوهەوا و لافاو، هاتوچۆی هەزاران خوێندکار دەخاتە مەترسییەوە و باری دەروونییان دەشێوێنێ.
سێ: فێربوون پێویستی بە تەرکیز هەیە، کاتێک دەنگی درۆن بە ئاسمانەوە بێت، مەحاڵە خوێندکار و مامۆستا بتوانن تەنها سەرنجیان لەسەر وانەکان بێ.
بۆیە ئەم دوو پێشنیارە وەک چارەسەر دەبینین:
یەک: هەموارکردنی ساڵنامەی خوێندن و ڕاگرتنی دەوام بۆ دوو هەفتە و ئەگەر ئیجاب بکا زیاتریش، وە قەرەبووکردنەوەی لە کۆتایی ساڵدا، باشترین بژاردەی ئێستامانە، چونکە خوێندنی فەوتاو دەگەڕێتەوە، بەڵام گیانی بەبەهای هەر هاونیشتمانیەک کە لەدەستچوو هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوه.
دوو: دەکرێ خوێندنی ئۆنلاین ئەگەرچی ئەزموونێکی سەرکەوتوومان نەبووە لەگەڵیدا، وەک پردێکی کاتی بۆ دانەبڕانی خوێندکاران بەکاربهێنرێ تا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا، پێمان وایە هۆڵەکانی خوێندن کاتێک مانایان دەبێ کە ژیان تێیاندا پارێزراو بێ، گیانی هەر کاراکتەرێکی ناوەندەکان” چ مامۆستابێ یا خوێندکار، یافەرمانبەر”، گومانی تێدانیه زۆر لە چەند ڕۆژێک دواکەوتنی خوێندن پیرۆزترە.
خودا کوردستانمان پارێزراو بکا
