
مستەفا محەمەد
پڕۆسەی پەروەردە نەخشەسازیی داهاتووی نەوەیەکە، نەک کایەی بڕیاری کاتی و کورتکردنەوەی لەئەنجامدانی تاقیکردنەوە، بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن، ئەم ڕاستییەی فەرامۆش کردووە، ئەوەش لەبەر ئەم هۆکارانە:
یەکەم:
بڕیاری سەرپشککردنی بەخێوکار، لە ڕواڵەتدا ڕێزگرتنە لە ئیرادەی خێزان، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ڕاکردنی حکومەتە لە ئەرکە یاساییەکانی! وەزارەت تۆپەکەی هاویشتۆتە گۆڕەپانی خێزان و پێیان دەڵێ: ئەگەر منداڵ بنێرن و زیان بکا، یان نەیاننێرن و لە خوێندن داببڕێ، دەبێ هەر خێزان باجی بەرپرسیارێتی بدات!
دووەم:
ناچارکردنی مامۆستا بە وانەوتنەوەی “ناو پۆل و پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکان” بە یەکەوە، نەک هەر کوالیتی خوێندن دادەبەزێنێ، بەڵکو پێگەی مامۆستا لە ڕێبەرێکی زانستییەوە بۆ فەرمانبەرێکی “ئەرک ناردن” کورت دەکاتەوە.
سێیەم:
هەموارکردنی ساڵنامە و کورتکردنەوەی پڕۆگرامەکان، نیشانەی ئەوەیە وەزارەت تەنیا دەیەوێت بە تاقیکردنەوەیەکی شکڵی ساڵەکە کۆتایی پێ بێنێ. ئەمەش کەلێنێکی زانستیی گەورە لای خوێندکار دروست دەکات کە لە داهاتوودا باجەکەی قورس دەبێ.
چارەسەر چییە؟
باشتر وابوو وەزارەت بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدا و پڕۆسەکە بۆ دوو هەفتەی تر دوا بخا، تا لە ژینگەیەکی ڕوونتردا ساڵنامەیەکی هاوسەنگ بۆ قەرەبووی ڕۆژە فەوتاوەکان دابڕێژرێ.
پوختەی قسەش ئەوەیە کە کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن بە بڕیاری نیوەچڵ و پاسیڤکردنی ڕۆڵی مامۆستا، هەرگیز ئامانجە پەروەردەییەکان ناپێکێ.
