
عمر قادر وسو
بۆجاری یەکەم لەپارچەیەکی
کوردستان هەمووڕۆڵەکــانی ئەوپارچەیە بەجارێ ڕوی کردە شاخ ودە شت ودۆڵی کوردستان ڕۆژی ٣١ی ئایاری ساڵی ١٩٩١کۆچی بەکۆمەڵ ڕویدا هەرئەوکاتە ئەو(هەڵگەڕانەوە ) مەرگ هێنە بە ( کۆڕەو) ناوزەدکرائەوڕۆژانە ڕۆژی دەربەدەری ،برسێتی ،هاواروبۆردومان ولێکترازان وجێهێشتنی سەروەت وسامان ودورکەوتنەوە لەشارو شکاندنی سیمی سنوری ووڵاتانی دراوسێ بوو.کۆڕەو شێوازێکی نوێ ی شۆڕش بوو چۆکی بە موستەحیل دادا بەیەک هێزوبەیەک دەنگ ژێردەستی وکۆیلایەتی ڕەتکردەوە ،ئاسودەی و دیموکراسی وکەشێکی لەبارو ئازادی بەدیهێنا .کۆڕەوی گەلی کوردستان فاکتەرێکی بەهێزبوودوژمنی تۆقاندپەردەی لەسەرتاوانە قێزەونەکانی بەعسیە کان لادا بۆیەکەمین جاردیمەنە پڕ تراژیدیاکانی کورد توانی سۆزی شەقامی ووڵاتانی ڕۆژئاوا بەلای کوردو مەینەتییە کانی ومەسەلە نەتەوایەتییە کەیدا ڕا بکێشێ
کورد هەمیشە گەلێکی ئازادیخواز بووە، هیچ کاتێ ژێردەستی قبووڵ نەکردووە بە درێژایی مێژووی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆی لە پێناوی ئازادی و دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسیندا، هەر شێوە خەباتێکی بەشیاو زانیبێت و ترووسکاییەک شەبەقی ئازادیی لێ دەرکەوتبێت، گرتوویەتیەبەر و لەپێناویدا گیانبازیی کردووە و تێکۆشاوە. دوابەدوای سەرکەوتنی راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردستان دژ بە داگیرکەر و رژێمە رەفتار فاشییەکەی بەغدا سەرتاپای خاکی کوردستان لە عیراق لەژێر حوکمی ناڕەوای بەعس رزگارکرا بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشەوە، جیا لە هەموو ناوچەکانی تری کوردستان ئازادکردنی کەرکوک گورزێکی کەمەرشکێن بوو بۆ بەعسییەکان و تووشی هیستریای کردبوون لەبەرئەوە دوای ماوەیەک رژێمی بەعس کەوتەوە تۆپباران کردن و هەڕەشەکردن لە خەڵکی بێ دیفاع و راپەڕیوی کوردستان و دەستی بە لەشکرکێشی و پەلاماردانی ناوچە رزگارکراوەکان کرد تەنانەت لەوپەلامارانە چەکدارانی (مجاهدینی خەلق) ی ئێرانیشی بەکارهێنا..
هێزی پێشمەرگە توانی تاڕادەیەک پێش بەهێزەکانی سوپای عیراق بگرێت و لەپێشڕەوی زیاتر بیوەستێنێت، بەهۆی ئەوەی کە لە رابردوودا گەلەکەمان زەبر و زەنگی بەعسی چەشتبو لە راگواستن و کۆچپێکردن و ئەنفال و کیمیاباران و هەرچی رێگای نەشیاو و رێگەپێنەدراوە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەیە هەموویانی بەکارهێناوە و شەڕی کوردی کردووە بێ رەحمانە، ناچار خەڵکی بەکۆمەڵ دەستیان کرد بە بەجێهێشتنی سەروەت و ماڵ و موڵکیان لەترسی کۆمەڵکوژییەکی هاوشێوەی ئەوانی پێشوو و روویان لە سنوورەکانی دەوروبەری کوردستان کرد، لە کاتێدا رژێم بست بەبستی خاکی کوردستانی بێ رەحمانە لوغم رێژکردبوو، خەڵکەکە لەترسی گیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیان روویان لەو کەژ و کێوانە کرد.
لێرەدا نابێت هەرگیز ئەوەمان بیربچێتەوە کە ئێران بە گەل و حکومەتەوە و بەتایبەتی گەلی کوردی رۆژهەڵات زۆر مرۆڤدۆستانە سنوور و ماڵەکانیان واڵاکرد و باوەشیان کردەوە بەڕووی ئاوارە و لێقەوماوانی گەلەکەماندا کە زۆرینەیان تەنانەت پارووە نانێکیشیان لەگەڵ خۆیاندا نەبردبوو، ئەگەر هاوکاری و بەهاناوەهاتنی حکومەت و گەلانی ئێران نەبوایە، مردنی بەکۆمەڵ روویدەدا، حکومەتی ئەوکاتی تورکیاش دوای ماوەیەک سنووری بۆ ئاوارەکانی کردەوە ئەویش دوای گیانلەدەستدانی کۆمەڵێک لە خەڵکە ئاوارەکە و وروژانی رای گشتی لە رێی میدیاکانەوە. کۆڕەوی گەلی کورد هەرچەند ناڕێک و بێ بەرنامە بوو، بەڵام چەندین ئامانجی لێ بەدیهات بۆ گەلەکەمان، وایکرد ئەم گەلە جارێکی تر بە دووربێت لە زەبر و زەنگی رژێمی بەعس.
1- نیشانی هەموو جیهانیدا کە کورد جارێکی تر ئامادەنییە و نایەوێت بکەوێتەوە ژێر چەپۆک و هەژموونی دڕندانەی بەعس، کە مەبەستی بوو بۆ یەکجاری کورد لەناوبەرێت و لەناو بۆتەی عەرەبدا بیتوێنێتەوە.
2- کۆڕەوی سەرتاسەری گەلی کورد، دنیای هەژاند و جیهانی لە مەسەلە رەواکەی بەئاگـا هێنا و نیشانی دا کە گەلێکی ستەملێکراو لە ناوچەکەدا هەیە.
3- دوای کۆڕەو چەندین بڕیاری جیهانی لە بەرژەوەندی مانەوەی گەلی کورد دەرکران، وەک بڕیاری (688) لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە دەرکراو بڕیادرا ناوچەیەکی ئارام لە سەرووی هێڵی (36)ەوە بۆ کورد دابنرێت و چەند رێوشوێنێکی تر گیرایەبەر بۆ پارێزگاری لە مانەوەی کورد.ئەمڕۆ لە سایەی خوێنی شەهیدان و رۆحیەتی بەرەنگاربوونەوەی گەلەکەمان لە دەیان ساڵی رابردوودا حکومەتی عیراق دانی بە هەرێمی کوردستاندا ناوە وەک هەرێمێک لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عیراقدا، پێویستیشە ئێستا بە رەسمی ناسینی هەموو خاکی کوردستان بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشە لەلایەن حکومەتی بەغداوە جەوهەری خەباتمان بێت، دەبێت هەموو تواناکانی گەلەکەمان و حزبەکان و لەپێشەوەیان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەو ئاقارەدا ئاراستە بکرێن.
