دەنگی دەهۆڵی میدیایی لە کاتی شەڕدا

ئەرسەلان مەحمود


لە مێژووی دەنگە نەساز و نەشازەکاندا عورفێک هەیە: هەر کاتێک نەتەوەکەیان دەکەوێتە بەردەم مەترسییە دەرەکییەکانەوە، تێکدەرانە دەنگ بەرز دەکەنەوە، بە ئاگا و بێئاگا لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەنجامەکە یەکە: لاوازکردنی نەتەوەکەیان لە بەردەم مەترسییەکاندا.

ناوچەکە ماوەیەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. مووشەک و درۆن لە ئاسمانەوە مەترسییان دروستکردووە. لەم دۆخەدا سادەترین چاوەڕوانی خەڵک ئەوەیە لایەنە سیاسییەکان نزیکتر ببنەوە و میدیا ببێتە ئامرازی هوشیاری و یەکخستنی ڕای گشتی. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێم ڕوودەدات ڕاستەوخۆ پێچەوانەیە: ڕێک لەو ساتانەدا هەوڵی نزیکبوونەوەی لایەنەکان هەیە و مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عیراق هاتووەتەوە ڕۆژەڤ، ئامرازە میدیاییەکانی گرووپێکی دیاریکراوی ناو پارتی کەوتوونەتە جەنگی میدیایی دژ بە سلێمانی و یەکێتی. ئەمە ڕووداوێکی تازە نییە، بەڵام ئەمجارە نەک تەنها وەک ڕووداو بەڵکوو دەبێت وەک تەکنیک و میکانیزمێکی مەترسیدار شیکاری بۆ بکەین.

ئەناتۆمی درۆ: میدیای فیتنەچی چۆن کار دەکات؟

میدیای چەواشەکار لەوە زیرەکترە درۆیەکی ڕەها بڵاوبکاتەوە. درۆی ڕاشکاوانە زوو ئاشکرا دەبێت و کاریگەرییەکەی زوو کاڵدەبێتەوە. میدیایی فیتنەچی شێوازێکی ئاڵۆزتر بەکار دەهێنێت: بەڕێوەبردنی بیرکردنەوەی وەرگر بەبێ ئەوەی هەست بەوە بکات بەڕێوەدەبرێ و لە ڕێگەیەوە ئاڕاستە دەکرێت. ئەم جۆرە میدیایە لەسەر چەند ستوونێکی بنەڕەتی وەستاون:

یەکەم: چوارچێوەکردن. ئەمە سەرەکیترین ئامرازی میدیای چەواشەکارە. ڕووداوێک دەهێنێت، چوارچێوەیەکی هەڵخەڵەتێنەری بۆ دادەتاشی تا لە ڕێگەیەوە لەبری ڕاستی مانایەکی تەواو جیاواز بداتە بیسەر و بینەر. بۆ نموونە، کاتێک مووشەکێک سلێمانی بە ئامانج دەگرێ، ئەوەی لە میدیای بەرپرسیارەوە چاوەڕوان دەکرێت ئەوەیە مەترسییەکە بۆ خەڵک ڕوونبکاتەوە و داوای هەڵوێستی نیشتمانی بکات. بەڵام ئەوەی میدیای چەواشەکار دەیکات تەواو جیایە: هێرشەکە دەکرێتە بیانوو بۆ تۆمەتبارکردنی سلێمانی. واتا قوربانی دەکرێتە هاوبەشی تاوانبار. ئەمە لە زانستی ڕاگەیاندندا بە دووبارە چوارچێوەکردنەوەی قوربانی ناسراوە ـ شێوازێک – لەوە مەترسیدارترە خەڵکی پێی بزانن، چونکە تاوانکاری دەکاتە کردەیەکی ئاسایی بەرامبەر بە تاوانلێکراو.

دووەم: تێکەڵکردنی ڕاستی و درۆ. میدیای ساختەچی هەرگیز سەدلەسەد درۆ ناکات. زۆرجار نەوەد لەسەد ڕاستی دەڵێت و دە لەسەدەکەی تری ژەهرەکەیە، بەڵام بە وریایی تێکەڵی دەکات. خوێنەر یان بینەر و بیسەر چونکە ئەو بەشە ڕاستەی بینیووە، متمانەی بەویتر دەکات. ئەمە وەک ئەوەیە دە گرام ژەهر تێکەڵی نەوەد گرام ئاوی پاک بکەی، ڕەنگە تامەکەی نەگۆڕێ بەڵام کاریگەرییەکەی کوشندەیە. ئەو هەڵمەتە میدیاییەی چەند ڕۆژێکە دژی سلێمانی بڵاودەکرێنەوە ڕێک بەم شێوەیە کار دەکات: ڕووداوێک دەهێنێت، بەڵام شیکاری و ئەنجامەکەی درۆ و ئاراستەدارە.

سێیەم: دووبارەبوونەوەی بەردەوام. لە دەرونناسیی ڕاگەیاندندا بیرۆکەیەک هەیە: کاریگەری ڕاستی خەیاڵی، دەڵێت: ئەگەر شتێک بەردەوام دووبارە بکرێتەوە، هەندێجار مرۆڤ بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت وەک ڕاستی قبووڵی دەکات، تەنانەت ئەگەر هیچ بەڵگەیەکی بۆ نەبێ. ئەو کەناڵانەی بەم شێوەیە کار دەکەن بەردەوام هەمان پەیام بە شێوەی جیاجیا دووبارە دەکەنەوە: سلێمانی تاوانبارە، یەکێتی لە شکستدایە، سەرکردەکان خراپن. ئەم دووبارەبوونەوەیە نەک بۆ ئەوەیە شتێکی نوێ بڵێت، بەڵکوو بۆ ئەوەیە ئەوەی پێشتر وتویەتی بیکاتە بڕوایەکی جێگیر لە ناو ڕای گشتیدا.

چوارەم: هەستکاری لە جیاتی شیکاری. ئامرازی میدیای فیتنەچی قسەکردنە لەگەڵ هەستەکان نەک مێشکەکان. لەبری ئەوەی بابەتەکان بە لۆژیک و بەڵگە پشتگیری بکرێن، بە زمانێکی هەستیار و توڕەکارانە پێشکەش دەکرێن تا وەرگر لە جیاتی بیرکردنەوە، هەست بکات و هەستەکەش بکرێتە تووڕەیی و نەفرەت لە لایەنی بەرامبەر. ئەم شێوازە لە هەموو میدیایەکی چەواشەکاری دونیادا بەکار دەهێنرێ: ئەوانەی ناتوانن بەرهەمی بیرکردنەوەی خەڵک بن، دەبنە بەرهەمی توڕەکردن و ئازارەکانی خەڵک.

پێنجەم: دروستکردنی دوژمنی ناوخۆیی. ئەمەش یەکێکە لە مەترسیدارترین تەکنیکەکان. لە جیاتی ئەوەی سەرنجی خەڵک بەرێتە سەر مەترسییە ڕاستەقینەکان دوژمنێکی ناوخۆیی دروست دەکرێت و هەموو ئاگری تووڕەیی ئاراستەی ئەو دەکرێت. ئەمە لە سیاسەتدا بە بەرینکردنەوەی تووڕەیی ناسراوە و مێژوو پڕە لە نموونەکانی.

بۆچی ئێستا؟

لێردا پرسیارێکی سەرەکی هەیە: بۆچی ئێستا ئەم هەڵمەتە خراوەتەوە گەڕ؟ ئەمەش تەکنیکێکی تری میدیای چەواشەکارە، هەڵبژاردنی کات. میدیای فیتنەچی لە هەر کاتێکدا کار دەکات، بەڵام پتر لەو ساتانەدا چالاکتر دەبێت میللەت یان لایەنەکان و خەڵک هەنگاوێک بەرەو نزیکبوونەوە و پێکەوە ژیان و ئاشتەوایی هەڵدەگیرێ، هۆکارەکەش ئاشکرایە: ئەگەر نزیکبوونەوەکە سەرکەوتوو بێت، بنەمای بوونی ئەوان نامێنێت. ئەوانەی نانیان لە ناکۆکیدایە، یەکگرتنەکە نانی ئەوان دەبڕێت. بۆیە ڕێک لەو کاتانەدا باسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و گفتوگۆی نزیکبوونەوەی لایەنەکان بەهێز دەبێ، دەنگی ئەو داهۆڵ و دەهۆڵەی جەنگ بەرز دەبێتەوە. ئەمە هەڵکەوت نییە. ئەمە بەرنامەیە.

پاڕادۆکسی گەورە: ماچباران لە بەغداد و تۆمەتبارکردن لە هەرێم

لێرەدا ناچارین خاڵێکی دیکە و ئاشکرایی ڕیاکاری میدیایی بخەینە ڕوو: شاندە باڵاکانی پارتی خۆیان لە بەغداد لەگەڵ سەرکردەی گروپە چەکدارەکان ماچباران و گەرمەباوەش بە یەکدا دەکەن. وتەکانی ئەندامانی مەکتەبی سیاسییان لە مەدحی ئەو گروپانەدا ڕوونن، کەچی لە مۆرە تیڤی و سۆسیال میدیا فەیک و سێبەرەکانیانەوە، سلێمانی و یەکێتی بە هاوکاری و نزیکایەتی لەگەڵ هەمان ئەو گروپانە تۆمەتبار دەکەن.

ئەمە بۆ شیکاری میدیایی زۆر گرنگە: کاتێک پارتی خۆی لەگەڵ ئەو لایەنەدا پەیوەندی نزیکی هەیە، لە هەرێم پێشوازییان لێدەکات و لە بەغدا باوەشیان پێدادەکات و تەنانەت لەگەڵیاندا هاوپەیمانی هەیە، چۆن کەسانی تر بە هاوکاریی لەگەڵیدا تۆمەتبار دەکات؟ ئەمە وەک ئەوەیە کەسێک تۆ بە نزیک لە تاوانبار تۆمەتبار بکات، لە کاتێکدا خۆی لەناو ماڵی تاوانبارەکەدا دانیشتووە و چایی لەگەڵدا دەخواتەوە. خەڵکی کوردستان ئەم دیمەنانە دەبینن و هیچ ئەندازەیەک لە دەهۆڵکوتان ناتوانێت ئەم ڕاستییانە بسڕێتەوە.

هاوڵاتیانی چی بکەن؟

هاوڵاتی دەبێ لەبەرامبەر ئەم جۆرە میدیایەدا چی بکات؟ یەکەم هەنگاو ناسینەوەیە. ئەگەر بزانیت چۆن چەواشەکاری کار دەکات، کەمتر دەبیتە نێچیری ڕاوکراویی و قوربانی ئەجێنداکەی. هەر کاتێ هەواڵێک یان شیکارێکی میدیاییت بینی، سێ پرسیار لە خۆت بکە: کێ ئەم پەیامەی بڵاوکردۆتەوە و بەرژەوەندیی کێی تێدایە و ئامانجەکەی چییە؟ ئایا ڕووداوەکە بە تەواوی باس دەکرێت یان تەنها ئەو بەشە دەڵێت و نمایش دەکات بەرامبەر ناشرین دەکات؟ ئایا پەیامەکە دەتخاتە بیرکردنەوەوە یان تەنها تووڕەت دەتکات؟ ئەم سێ پرسیارە وەک پاڵاوگەیەکی زیهنی کار دەکەن: زۆرێک لەو پەیامە ژەهراوییانەی ڕۆژانە بەسەرماندا دەبارێندرێن لەو پاڵاوگەیەدا بەهایان نامێنێت.

دووەم هەنگاو ئەوەیە سەرچاوەکان بەراوردکەین. ئەگەر هەواڵێک تەنها لەلایەن یەک کەناڵەوە یان یەک ئاراستەی سیاسییەوە بڵاوکرایەوە و هیچ سەرچاوەیەکی سەربەخۆ پشتگیری نەکرد، ئەوا ئەو هەواڵە نەک هەر گوماناوی، بەڵکوو ژەهراویشە.

سێیەم و گرنگترینیان ئەوەیە لە خۆمانەوە دەستپێبکەین: نەهێڵین هەستەکان لە جیاتی مێشکمان بیر بکەنەوە. ئەو کاتەی هەواڵێک یان بابەتێکی میدیایی زۆر تووڕەمان دەکات و دەیەوێ کینەمان تێدا بچێنێت، ئەوە ڕێک ئەو ئەنجامەیە نێردەی پەیامەکە دەیەوێت. وشیاری لەبەرامبەر ئەمەدا خۆی بەرگرییە.

نەهامەتی نوێ

وەک نووسەرێک باوەڕم بە ڕەخنەی ڕاستگۆیانە پتەوە و مافی هەموو لایەنێکە، بەڵێ میدیای ئازاد پێویستییەکی سەرەکی کۆمەڵگەیە. ڕەخنەی بەرپرسیارانە ڕاستییەکان دەڵێت ئەگەرچی تاڵیش بن و ئامانجەکەی چاکسازییە. بەڵام ئەوەی ڕووبەڕووی سلێمانی و یەکێتی دەوترێ، لە ڕاستیدا ڕەخنە نییە، فیتنەی مەبەستدار و ڕێکخراوە. ئەو جۆرە میدیایەی ڕووداوەکان دەشلەژێنێت بۆ ئەوەیەتی تۆوی کینە بچێنێت، ئامانجەکەی نەک چاکسازی بەڵکوو وێرانکردنەـ وێرانکردنی بونیادی.

 ئەو هەڵسەنگاندنەی هاوڵاتی پێویستییەتی بۆ جیاکردنەوەی ڕاستی لە نادروستی. نەهامەتییەکی نوێیە و هیچی لە قەیرانی ئابووری و سیاسی کەمتر نییە، چونکە ئەگەر بیرکردنەوەی کۆمەڵگە تەشەنە بکرێت، هەموو ئەو شتانەی تر ناچارکراوە. کوردستان ئەمڕۆ پێویستی بە دەهۆڵی شەڕ نییە. پێویستی بە ئاوازی عەقڵ و لۆژیکە. ئەو ئاوازە لە هوشیاری هاوڵاتییەوە دەست پێدەکات.