دادپەروەریی ئابووری وەک کۆڵەکەی نیشتمانسازی

لە پەراوێزەوە بۆ سەنتەر، شۆڕشە هێمنەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ دادپەروەریی ئابووری

ئەرسەلان مەحمود


لە فەلسەفەی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی ئابووریی وڵاتانی جیهانی سێیەمدا، چەقگیریی (مەرکەزییەت) یەکێک لە پەتا کوشندەکانە: سیاسەتی ئابووری بەردەوام ناهاوسەنگ و لە خزمەتی پایتەخت یان سەنتەرە گەورەکاندا داڕێژراوە. هەرێمی کوردستانیش لەم مۆدێلە نەخۆشە بەدەر نەبووە؛ گەشەپێدانی سەنتەر، بەردەوام لەسەر حیسابی پەراوێزخستن و لاوازکردنی قەزا و ناحیەکان تەواو بووە. شەپۆلی کۆچی گەنجان لە ئاواییەکانەوە بۆ شارەکان، چۆڵبوونی زەوییە کشتوکاڵییەکان و نەمانی دەرفەتی کار لە دەڤەرەکاندا، تابلۆی ڕوونی شکستی ئەو مۆدێلە کلاسیکییەی گەشەپێدانن.

دەستپێشخەرییەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ دامەزراندنی دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕین، تەنها بڕیارێکی کارگێڕی نییە، بەڵکوو شۆڕشێکی هێمنی ئابووری و ڕاستکردنەوەی ئەو لادانە مێژووییەیە. بنەمای ئەم هەنگاوە لەسەر ئەو تێگەیشتنە زانستییە بونیاد نراوە پێیدەوترێت تایبەتمەندییە بەراوردکارییەکان. واتە، هەر ناوچەیەک ناسنامە و پێکهاتەی ئابووریی خۆی هەیە، بۆیە دەبێت پڕۆسەی گەشەپێدانیش لە هەناوی ئەو تایبەتمەندییانەوە هەڵقوڵێ و سەرمایەگوزاری تێیدا بەو ئاراستەیەدا بکرێت.

هەڵبژاردنی دەڤەری ڕاپەڕین وەک خاڵی دەستپێک، هەڵبژاردنێکی ژیرانە و لە هەمانکاتدا سیمبولیکە. رانیە و دەڤەری ڕاپەڕین مەڵبەندی سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و وەرچەرخانی سیاسی گەلەکەمان بوو، ئێستا دەکرێتە تاقیگەیەکی گەشەپێدانی ئابووری. لە زانستی بەڕێوەبردنی گشتی و داڕشتنی سیاسەتی حکومڕانیدا، تاقیکردنەوەی ستراتیژەکان لە پانتاییەکی دیاریکراودا و دواتر گواستنەوەی مۆدێلە سەرکەوتووەکە بۆ پانتاییە فراوانەکە، نیشانەی عەقڵانییەتی سیاسی و ئابوورییە.

ئەم هەنگاوە نوێیە، لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی سۆسیال دیموکراسییە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵگریەتی. تێپەڕاندنی ئەو عەقڵیەتەی تەنها کۆمپانیا زەبەلاحەکان و سێکتەری گشتی دەبینێت، بۆ پشتیوانیکردنی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان، ئاسانکاری بۆ قەرز و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆیی، گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحیەتی ڕاستەقینەی یەکێتی؛ ئەو حزبەی خەباتی خۆی لە بناری چیاکان و گوندەکانەوە دەست پێکرد، ئەمڕۆش پێویستە پرۆسەی ئاوەدانی و دابەشکردنی سامانیش بباتەوە هەمان ئەو شوێنانە، نەک لە تاوەرە بەرزەکانی پایتەخت و شارە گەورەکاندا قەتیسی بکات.

ئێمە لەبەردەم دوو قەیرانی ئۆرگانیداین: بێکاریی گەنجان و هەڕەشەی چۆڵبوونی ناوچەکان. ئەم دەزگا نوێیە وەک چارەسەرێکی دوورمەودا کار دەکات بۆ لێدانی هەردوو ئامانجەکە بەیەکەوە. کاتێک گەنجی ناوچەیەک هەست دەکات لەسەر خاکی خۆی، لەناو خێزانەکەی خۆیدا کەرامەتی ئابووریی پارێزراوە و دەرفەتی داهێنانی بۆ ڕەخساوە، ئیتر ناچار نابێ شار و گوندەکەی بەجێبهێڵێت.

پەیامی شاراوە و قووڵی ئەم پرۆژەیەی قوباد تاڵەبانی ئەوەیە: یەکگرتوویی نیشتمانی تەنها بە گوتاری حەماسی و دروشمی سیاسی دروست نابێت، بەڵکوو لەڕێگەی دادپەروەریی ئابوورییەوە مسۆگەر دەبێت. کاتێک هاووڵاتییانی دەرەوەی سەنتەر هەست دەکەن شەریکی ڕاستەقینەی داهات و گەشەپێدانن، ئینتیمایان بۆ خاک و حکومەت بەهێزتر دەبێت. واتە گەشەپێدانی ناوچەیی، تەنها ژمارە و پرسی ئابووری نییە، بەڵکوو پایەیەکی سەرەکیی ئاسایشی نەتەوەیی و پێکەوەگرێدانی کۆمەڵگەیە.

ڕەنگە لە نیگای یەکەمدا پرۆژەکە وەک هەنگاوێکی ناوچەیی دیاریکراو دەرکەوێت، بەڵام هەڵگری دیدگەیەکی نیشتمانیی گەورەیە. کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە نیشتمانێکی گەشەسەندوو، پێویستی بەوەیە ئاوەدانی لە گوند و ناحیەکانەوە بە قەدپاڵی چیاکاندا هەڵبزنێ، نەک لە ئۆفیسە داخراوەکانی پایتەختەوە فەرمانی پێبکرێ. ئەمە دەستپێکی ڕێگەیەکە بەرەو نیشتمانێک تێیدا پەراوێزخراوەکان دەبنەوە بە سەنتەر.

ئەم تێڕوانینە نوێیەی قوباد تاڵەبانی، تەنها خەونێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ ئەو ڕێچکە زانستییەی وڵاتانی پێشکەوتووی پێ بونیاد نراون. ئەگەر سەیری نەخشەی ئابووریی جیهان بکەین، سێ نموونەی درەوشاوە و سەلمێنەری ئەم ڕاستییە ستراتیژە دەبینین:

ئەزموونی ئەڵمانیا و پاڵەوانە شاراوەکان: هێزی ئابووریی ئەڵمانیا تەنیا لە بەرلین و میونشندا نییە، بەڵکوو لەو کۆمپانیا مامناوەندەکاندایە، ئەوانەی لە شارۆچکە و گوندە دوورەدەستەکاندا جێگیر کراون. ئەڵمانیا بە پشتبەستن بە تایبەتمەندییە بەراوردکارییەکانی هەر ناوچەیەک، وایکردووە گەنجی ئەڵمانی لە زێدی خۆی بمێنێتەوە و باشترین هەلیکاریان هەبێت، ئەمەش هاوسەنگییەکی بێوێنەی لە نێوان شار و لادێدا دروستکردووە.

بزووتنەوەی گوندی نوێ لە کۆریای باشوور: کۆریای باشوور لە ڕێگەی پڕۆژەی سایماول – گوندی نوێ، توانی گوند و قەزاکانی بکاتە بزوێنەری ئابووریی نیشتمانی.
حکومەت لەبری خێرۆمەندایەتی، دەزگای گەشەپێدانی ناوچەیی بۆ ڕەخساندن و پاڵپشتیی دەسپێشخەرییە گوندییەکانی دانا، ئەنجامەکەشی بوو بەو هەستانەوە زەبەلاحەی ئەمڕۆ جیهان سەرسام دەکات.

قەزا پیشەسازییەکانی ئیتالیا: ئیتالیا نموونەیەکی دەگمەنە لەوەی چۆن هەر قەزا و ناحیەیەک کراوە بە جەمسەرێکی جیهانی؛ ناوچەیەک بۆ پیشەسازیی پێستە، یەکێکی تر بۆ مۆبیلیات و یەکێکی تر بۆ کشتوکاڵ. ئەم پسپۆڕییە ناوچەیی و بەراوردکارییە وایکردووە بەرهەمی گوندێکی بچووکی ئیتالیا بگاتە بازاڕەکانی ئەمریکا و چین، چونکە حکومەت لەبری چەقگەرایی، وەبەرهێنانی لە خاڵە بەهێزەکانی هەر ناوچەیەکدا کردووە.

ئەم نموونانە پێمان دەڵێن دەزگای پەرەپێدانی ناوچەیی راپەڕین دەکرێت ببێتە ئەو کلیلەی قوفڵی بێکاری و چەقبەستوویی ئابووریی کوردستان دەکاتەوە. کاتێ ئاوەدانی لە بناری کێوەڕەش، ئاسۆس و ماکۆک و ناو جەرگەی قەزا و ناحیەکانەوە دەست پێدەکات، ئیدی نیشتمان تەنیا ناو ناوی شارە گەورەکان نییە، بەڵکوو هەموو بستێکی خاک دەبێتە سەنتەری بەرهەمهێنان و ژیان.