
عومەر قادر وسو
چارەنووسی نادیار و شێواو باڵی کێشاوە بەسەر کۆمەڵانی خەڵکدا، ئێستا هەرێمی کوردستان دەناڵێنێ بەدەست عەقڵیەتێکی پیلانگێڕی قەیرانساز، کە حزبێک و بەشێکی حکومەت بەڕێوەدەبات، دەکرێ بڵێین مێژووی ئەو حزبە مێژووی پیلانەکانێتی، مێژووی ئەو کارەساتانەیە کە پیلانەکانی ئەو عەقڵە خوڵقاندویەتی، هەمیشە هەوڵی داوە بەرگێکی یاسایی کۆمەڵایەتی بکاتە بەر پلانە نابوتەکانی، شەرعیەتی سیاسی و یاسایی مسۆگەر بکا، بەردەوام خەریکی بەرنامەی پاکتاوی ئەو کەسانە بووە کە ئافەرین و موبارەکەی لە عەقڵی سیاسی ئەوان نەکردووە، خۆی ڕادەستی هەڵسوکەوت و تاکتیکە عەشایری و وێرانکارەییەکانی ئەوان نەبووە، هەوڵیداوە بەردەوام ئەو عەقڵانە بێدەنگ و بێ بەها بکا کە نەیانویستوە بەشدار و کارەکتەری جوانکردنی هەڵە و خیانەتە زەبەلاحەکانی ئەوان جوان بکا، بەهانەو پاساوی نەتەوەیی و مێژووییان بۆبهێنێتەوە.
هەروەک دەیبینین ئەو عەقڵیەتە هەمیشە لەژێر چەندین دروشمی بریقەداری ناوچەیی و نەتەوەیی درێژەی بە سیاسەتەکانی داوە، لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانیوە جەوهەری تاقمچێتی، بنەماڵەیی وخێڵەکیانەی ئەقڵی سیاسی خۆیان بشارنەوە، سنورە دزێوەکانی تێپەڕێنێ و شکڵ و سیمایەکی شیاو و جوان بەخۆی بدات، لەبەرئەوەی عەقڵیەتی نادیموکڕات و دیکتاتۆریانە هەمیشە جیهان و کێشە و دیاردەکان بەیەک ئاراستە و لەیەک دیدگای خێڵەکیانەی تەسکەوە دەبینێ، بەڕاددەیەک بیرکردنەوەیان هێندە پووچە لە ڕێگە و شێوەی گوندێک، گەڕەکێک و شارێک دەڕواننە سەرجەم هەرێم، هەر لەبەرئەوەشە پڕۆژە چەواشەکانیان بڕیار و هەڕەشەکانیان کورت مەودا و ماوەیەکی کەم بڕدەکەن، دواتر پەشیمان بونەوە و پاشگەزبونەوە لای هەموو تاکێکی ویژدان زیندوی هەرێم ڕوون و دیار و ئاشکرایە.
لەسەرووی هەموو ئەمانەوە ئەو عەقڵیەتە ترسناکە مەترسی یە بۆ سەر دۆزی کورد بەگشتی، مەترسیە بۆ ئۆپۆزسیۆن. مەترسیە بۆ سەر هاوڵاتی و ڕوتاندنەوەی لە چەندین ڕێگاوە، تەنانەت ستەم لەوانەش دەکا کە هاو حزبی خۆیانن و مەترسی یە بۆ سەر ئەندامانی ناوخۆی پارتەکەی، دەیان پیلانی ناوەتەوە بۆ لەناوبردنی نەیارانی، بیر و هۆشیانی داگیر و پەستکردووە.
بەگشتی هەرکەس و لایەنێک لەگەڵ بۆچوون و ووتار و چارەسەرە گاڵتە جاڕیە بێماناکانی ئەواندا هاوتەریب نەبێ بە خائین و ووڵاتفرۆشی لە قەڵەم دەدەن و هەموو بۆچوون و لێکدانەوەیەکی دەرەوەی خۆی بەهەڵە دەزانێ و لەپێناو شەرعیەت دان بە تاکڕەوێتی هەمیشە و بەردەوام هەوڵدەدا (دوژمنی ئەزەلی و وەهمی) بۆخۆی و خەڵک دروست دەکا و گەرەکیەتی عەقڵیەتی تاکڕەوی و خۆسەپێنی بگەیەنێتە دەرەوەی زۆنی حوکمڕانی خۆی، بێخەبەر لەوە کە سیاسەتەکانی ئەوان نامۆیە لە ناوچەیەکی فراوانی هەرێم و ئاراستەیەکی بەهێزی بەگژداچوونەوەی ئەو سیاسەتە نەگونجاو و ناعەقڵانیە هەروا ئاسان نەبووە بۆیان، ئەو جۆرە لە بیرکردنەوەیان شکستی خواردووە، جێگەی داخه ئەو عەقڵیەتە هەرگیز نایەوێت بگۆڕێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆر بەتوندی بەردەوامە لەسەر هەڵەکانی، لەسەر کۆمەڵێک بنەمای خێڵەکی، دوژمنخوازی و بە داماوترین عەقڵیەتی سیاسی سەردەم دەردەکەوێ، ڕوداوەکانی ئەم دواییە دەریخست ئەم لایەنە بەتەنگ مافە سیاسی و خزمەتگوزاریەکانی خەڵکەوە نییە، وەک ڕژێمە دیکتاتۆرەکان هەوڵ ئەدا لەڕێگەی پێدانی هەندێک دەسەڵاتی ڕووکەش دەسەڵاتی تاکڕەوانەی خۆی بسەپێنێ و سورە لەسەر زەوتکردنی ماف و دەنگی ڕەوای خەڵک و لایەنەکانی تر.
پێویستە لەبیرمان نەچێت ئەوەی لەسەرتاوە و لەدوای ڕاپەڕینەوە بەدەستمانهێناوە ژیری و حیکمەتی هەردوو سەرکردەی مەزنی کورد (مام وکاک) بوو ڕەوانیانشاد، و ئێستاکەش ڕێبازی ئەوان بەردەوامە هەموو توانست و هێزی خۆی خستۆتە پێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و پاراستنی ژیان و ئازادیەکانی گەل.
