بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد جەلال تاڵەبانی چۆن هەرێمی کوردستانیان لە جەنگ پاراست؟


ڕۆژنامەی (تەلەگراف)ـی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکی ورددا ئاشکرای دەکات، کە بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد جەلال تاڵەبانی، ئەو دوو برایەی لە بەریتانیا گەورە بوون، ڕۆڵێکی کەم وێنەیان گێڕا لە دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژى ئێران. ڕۆژنامەکە دەڵێت ئەم دوو برایە نەیانهێشت کورد وەک “سەری ڕم” بۆ هێرشی زەمینی دژی تاران بەکاربهێنرێت.

تەلەفۆنێکی کتوپڕ لە واشنتنەوە
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی (تەلەگراف)، تەنیا 2 ڕۆژ دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجام دا. ئەم پەیوەندییە بووە هۆی دروستبوونی دەنگۆی ئەوەی گوایە ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی گرووپە چەکدارە کوردییەکانەوە هێرشی زەمینی بکاتە سەر ئێران، بەڵام بۆچوونی برایانی بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی تەواو جیاواز بوو.

لە پەنابەرییەوە بۆ ناو جەرگەی بڕیار
ڕۆژنامە بەریتانییەکە تیشک دەخاتە سەر پاشخانی ئەم دوو برایە کە وەک پەنابەر لە ناوچەی (کرۆیدۆن)ی بەریتانیا گەورە بوون.

ئێستا بافڵ جەلال تاڵەبانی تەمەن (53 ساڵ) سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە و قوباد تاڵەبانی (48 ساڵ) جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ڕۆژنامەی تەلەگراف دەڵێت ئەم دوو برایە بەهۆی پەروەردە ئەوروپییەکەیان دەتوانن بە زمانێک بدوێن کە هەم ڕۆژئاوا تێیبگات و هەم هاوسەنگی لەگەڵ تاران بپارێزن.

دوو کەسایەتیی جیاواز؛ یەک ئامانج
ڕاپۆرتەکە باس لە جیاوازییەکانیان دەکات؛ بافڵ جەلال تاڵەبانی وەک کەسێکی شارەزا لە ستراتیژیی سەربازیی و “تیژبین” وەسف کراوە کە حەزی بە فەرمییەت نییە، لە بەرامبەردا قوباد جەلال تاڵەبانی وەک کەسێکی “ڕێکخراو و کارگێڕ” دەردەکەوێت. ئەم دوو ئاڕاستەیە وایکردووە بتوانن لە یەک کات دا لەگەڵ جیهان و ناوخۆی ناوچەکە مامەڵەیەکی ورد بکەن.

کوردستان دەبێت “پرد” بێت نەک مەیدانی شەڕ

لە کاتێک دا میدیای ئەمریکا باسیان لە تێوەگلانی (CIA) دەکرد بۆ پڕچەککردنی کوردانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە شاشەی (فۆکس نیوز)ەوە پەیامێکی نارد بۆ ترەمپ و گوتی: “کوردستان دەبێت پرد بێت، نەک گۆڕەپانی جەنگ.” ئەم پەیامە وەک هەوڵێکی جدی بینرا بۆ ڕێگریکردن لەوەی هەرێم تووشی کارەساتێکی وێرانکەر بێت.

دیپلۆماسی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکدارەکان
(تەلەگراف) ئاماژە بەوەش دەکات، قوباد تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێک دا لەگەڵ (چەناڵ فۆڕ) هۆشداریی دایە گرووپە کوردییەکانی ئێران کە “ژیر و ستراتیژی بن” و بێ ڕەزامەندیی حکومەت، هیچ هەنگاوێکی سەربازی نەنێن. ئەم فشارە وایکرد گرووپەکانی وەک (PAK) ڕایبگەیەنن کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان ناخەنە مەترسییەوە.

“کورد بەکرێگیراو نییە”
لە بەشێکی دیکەى ڕاپۆرتەکە دا، قسەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراق هاتووە کە ڕاشکاوانە بە زلهێزەکانی وتووە: “کورد وەک بەکرێگیراو (Guns for hire) تەماشا مەکەن، ئێمە نابینە پارچەی یارییەکانی ئێوە.” ئەم هەڵوێستە نیشانەی یەکدەنگیی بنەماڵەی تاڵەبانی بوو بۆ دوورخستنەوەی کورد لە “شەڕی وەکالەت”.

ئەنجام: جەنگێک کە هی ئێمە نییە
ڕۆژنامەی تەلەگراف، باس لەوە دەکات کە ئێستا گردی دەباشان بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پاراستنی سەقامگیری. قوباد تاڵەبانی بە کورتی دەڵێت: “ئەمە جەنگی ئێمە نییە، ئیدى بەسە چەندین جەنگمان بینیوە.” بەم شێوەیە ئەم دوو برایە توانییان هەرێمەکەیان لە ناو ئاگری جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژى ئێران دا بە سەلامەتی ڕابگرن