ئەرسەلان مەحمود بۆ ڕاپەڕین ٢٤: ئەگەر فێری ‘هونەری خوێندنەوە’ نەبین، دەبینە قوربانیی ئەو حەقیقەتە ساختانەی بۆمان بەرهەم دەهێندرێن.

سازدانی: سەنگەر حەسەن تایبەت بە RAPARIN24


کاتێک کە باس لە خوێندنەوە دەکرێت، زۆرجار وێنایەکی کلاسیکیمان بۆ دروست دەبێت، بەڵام ئەرسەلان مەحمود لە نوێترین بەرهەمیدا بە ناوی (کۆمەڵگەی خوێنەران – فەلسەفە و هونەری خوێندنەوە)، ئەم چەمکە دەباتە ناو کایە قووڵەکانی فەلسەفە و هونەری خوێندنەوە. کتێبێک بە ٦٧٩ لاپەڕە، لە سەردەمێکدا کە سەرپێییبوون باڵادەستە، جۆرێکە لە یاخیبوون. بۆ قسەکردن لەسەر ئەم پڕۆژە فکرییە، RAPARIN24 ئەم دیمانەیەی لەگەڵ نووسەرد ساز کرد.

پرسیار: کاک ئەرسەلان، با لە فەلسەفەی ناو کتێبەکەوە دەست پێبکەین. جەنابت لەم کتێبەدا باس لە هونەری خوێندنەوە دەکەیت. ئایا خوێندنەوە تەنها وەرگرتنی زانیارییە، یان لای تۆ پڕۆسەیەکی فەلسەفی و هونەری قوڵە بۆ پاراستنی خود؟

ئەرسەلان مەحمود: ڕێک خاڵی جەوهەری لێرەدایە. خوێندنەوە لای من کۆکردنەوەی زانیاری نییە، چونکە زانیاری ئێستا لە هەموو شوێنێک بە خۆڕایی ڕژاوە. هونەری خوێندنەوە واتە پڕۆسەی پاڵاوتن و تێگەیشتن. کاتێک ئێمە لەناو جەنگێکی گەورەی دەروونی و میدیاییدا دەژین، خوێندنەوە دەبێتە تاکە ئامراز بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین ئەوانی تر مانامان بۆ دروست بکەن. لەم کتێبەدا هەوڵمداوە بڵێم: خوێندنەوە جۆرێکە لە سەلماندنی بوون. کاتێک دەخوێنیتەوە، تۆ خەریکی کێشانی سنوورێکی فکریت بۆ ئەوەی مێشکت داگیر نەکرێت.

پرسیار: بە ناوی کتێبەکە بێت جەخت لەسەر کۆمەڵگەی خوێنەران دەکەیتەوە. کەواتا بۆچی پێمانوابێ تەنها تاکە-خوێنەر’ بەس نییە و پێویستمان بە ‘کۆمەڵگەیەک’ هەیە؟

ئەرسەلان مەحمود: چونکە تێگەیشتن لە دەق پێویستی بە خوێندنەوەی قووڵ و تێگەوە هەیە لە گۆشە نیگای جیاوە، ئەمە جگە لەوەی لەم سەردەمەدا درۆ و پڕوپاگەندە و بەرهەمی مەبەستداری ئسیدیۆلۆژێک بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ و شاراوە ئاراستەمان دەکرێت. سەیری دۆخی ئێستای جیهان بکەن، چۆن زلهێزەکان لە ڕێگەی میدیاوە ڕای گشتیی جیهان ئاراستە دەکەن. ئەگەر ئێمە تەنها چەند تاکێکی خوێنەرمان هەبێت، ناتوانین ڕووبەڕووی ئەو شەپۆلە گەورەیە ببینەوە. پێویستمان بە فەرهەنگێکی گشتی هەیە کە تێیدا پرسیارکردن ببێتە نەریت. کۆمەڵگەی خوێنەران واتە کۆمەڵگەیەکی فریونەدراو. لە کۆمەڵگەی خوێنەراندا فرەڕەهەند هونەری خوێندنەوە لە پازدە باز و ٥٢ تەرازادا ڕوونکراوەتەوە، پێویستی بەوەیە خوێندنەوە لە خولیایەکی شەخسییەوە ببێتە پێویستییەکی فەرهەنگی و نیشتمانی.

پرسیار: کتێبەکەت نزیکەی ٧٠٠ لاپەڕەیە. ئایا ئەم قەبارەیە مەبەستێکی فەلسەفی لە پشتە؟ بۆچی نەتویست بە کورتکراوەیی پەیامەکەت بگەیەنیت؟

ئەرسەلان مەحمود: ئەمە وەستانەوەیە بەرامبەر کەلتووری تیکتۆک و چرکەساتە خێراکان. جیهانی مۆدێرن دەیەوێت ئێمە تەنها سەرپێیی بین، بۆ ئەوەی کاتمان نەبێت بۆ قووڵبوونەوە. نووسینی ٦٧٩ لاپەڕە جۆرێکە لە داواکردنی کات لە خوێنەر. پێی دەڵێم: بوەستە، تێڕامان پێویستی بە ئارامی هەیە. مانا قووڵەکان و فەلسەفەی بوون لەناو چەند دێڕێکدا جێگەیان نابێتەوە. ئەوەی دەیەوێت لەم سەردەمە تەمومژاوییە تێبگات، دەبێت ئامادە بێت ڕێگەیەکی درێژ ببڕێت.

پرسیار: زۆر باس لە گرانیی نرخی کتێب دەکرێت (١٤ هەزار دینار). وەک نووسەرێک کە خەمی کۆمەڵگەی خوێنەرانتە، چۆن وەڵامی ئەو کەسانە دەدەیتەوە کە دەڵێن ئەمە بارگرانییە؟

ئەرسەلان مەحمود: بێگومان دۆخی گوزەرانی خەڵک لەبەرچاوە، بەڵام وەڵامی من ڕەهەندێکی فکریی هەیە. ئێمە دەبێت فێربین بەها لەگەڵ تێچوو تێکەڵ نەکەین. تێچووی نەخوێندنەوە بۆ تاکی کورد، هەزاران جار لە ١٤ هەزار دینار گرانتر دەوەستێت. کاتێک ئێمە باجی سیاسی و سەربازی و ئابووری دەدەین، زۆرجار بەهۆی ئەوەیە کە نەمانزانیوە چۆن واقیعەکە بخوێنینەوە. ئەم کتێبە تێچووی ساڵێک زیاتر لە ڕەنج و چاپ و کاغەزە، بەڵام بەهاکەی ئازادکردنی عەقڵە. ئەگەر ئێمە ١٤ هەزار بۆ ژەمێک خواردن بدەین کە تەنها چەند کاتژمێرێک تێرمان دەکات، بۆچی نەیدەین بە کتێبێک کە بۆ هەمیشە بینینمان دەگۆڕێت؟

پرسیار: وەک کۆتا وتە، چاوەڕوانیت لەو گەنج و خوێنەرانە چییە کە ئەم کتێبە دەخەنە کتێبخانەکانیانەوە؟

ئەرسەلان مەحمود: چاوەڕوانیم ئەوەیە کە تەنها نەیخوێننەوە، بەڵکو پراکتیکی بکەن. فێری گومان بن. کاتێک نووسەرێک، ئەدیبێک یان سەرۆکێک، میدیایەک و هێزێک قسەیەک دەکات، دەستبەجێ باوەڕ نەکەن. بگەڕێن بۆ مانا شاراوەکان. تەنها ئەو کاتەیە کە دەتوانین بڵێین پڕۆژەی کۆمەڵگەی خوێنەران سەرکەوتوو بووە. مەبەستی من دروستکردنی سوپایەک لە هاوسەفەری خوێنەری ڕەخنەگر و قووڵە، چونکە ئەم وڵاتە تەنها بە عەقڵی ڕەخنەگرانە دەربازی دەبێت.