ئیبراهیم ئەحمەد بەو ڕاستییە ژیا و مرد کە: سیاسەت بەبێ ڕۆشنبیری، دەبێتە بازرگانی و ڕۆشنبیری بەبێ هەڵوێست، دەبێتە خزمەتکاری دەسەڵات

ئەمڕۆ ٢٦ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیبراهیم ئەحمەد (١٩١٤-٢٠٠٠) تێدەپەڕێت. لەم ڕۆژەدا هەر تەنها یادی تێکۆشەرێک ناکەینەوە کە سکرتێری پارتێکی سیاسی بووە، بەڵکوو یادی ئەو خوێندنگەیەش دەکەینەوە کە چەمکی کوردایەتی لە هەستێکی نەتەوەیی ساکارەوە گۆڕی بۆ پڕۆژەیەکی مەعریفی و دامەزراوەیی.

ئیبراهیم ئەحمەد پێش ئەوەی بچێتە ناو کایەی حزبییەوە، لە ڕێگەی گۆڤاری گەلاوێژ و کۆمەڵەی ژ.ک ەوە خەریکی بونیادنانی ژێرخانێکی ڕۆشنبیری بوو. ئەو باش دەیزانی کە میللەتی بێ کتێب و بێ ڕۆژنامە، ناتوانێت لە ململانێی دیپلۆماسیدا سەرکەوێت. هەر بۆیە، کاتێک سکرتارییەتی پارتی گرتە دەست، وشەی وەک چەکێکی کاریگەر بەکارھێنا؛ ئەو لەناو جەرگەی بەغداوە زمانی سیاسیی کوردیی کردە زمانێکی یاسایی و مۆدێرن کە بەرامبەرەکەی ناچار بە گوێگرتن دەکرد.

کاتێک باس لە ژانی گەل دەکەین، تەنیا باس لە یەکەمین ڕۆمانی کوردی لە باشوور ناکەین، بەڵکوو باس لە دیدگەیەکی پێشوەختە دەکەین بۆ دەردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. ئیبراهیم ئەحمەد لە ئەدەبدا ڕاستگۆ بوو؛ ئەو وەک چۆن لە سیاسەتدا ڕووبەڕووی ستەم دەبووەوە، لە ئەدەبیشدا ڕەخنەی لە دواکەوتوویی و نەریتی چەقبەستوو دەگرت. جوامێری ناو ڕۆمانەکەی، تەنیا کارەکتەرێک نییە، بەڵکوو وێنای مرۆڤی کوردە لە نێوان بەرداشی خیانەت و قوربانیداندا.

کۆچی دوایی ئەم زاتە مەزنەی کورد و کوردایەتی و بزوتنەوەی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردی لە ساڵی ٢٠٠٠ لە لەندەن، کۆتایی هاتنی جەستەی پیاوێک بوو، بەڵام دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بوو لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی. ئەمڕۆ کە سەیری میدیای کوردی و بزووتنەوەی ڕووناکبیری دەکەین، شوێنپەنجەی ئەو لە هەموو شوێنێک دەبینرێت؛ لە خەباتەوە تا گەلاوێژ، لە ئاکۆ وە تا ژانی گەل.

ئیبراهیم ئەحمەد بەو ڕاستییە ژیا و مرد کە: سیاسەت بەبێ ڕۆشنبیری، دەبێتە بازرگانی و ڕۆشنبیری بەبێ هەڵوێست، دەبێتە خزمەتکاری دەسەڵات. یادکردنەوەی ئەو لەمڕۆدا، بانگەوازێکە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ئەسڵە گرنگەی کە کوردایەتی پێش ئەوەی چەک بێت، هزر و مەعریفەیە.

دروود بۆ ڕۆحی زیندووت.. سڵاو لە هزری پاکت

راگەیاندنی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین