
١٢ی نیسانی ٢٠٢٦، سی و دوو ساڵ بەسەر ماڵئاوایی یەکجارەکی سەرکردەی دیار، شۆڕشگێڕی گەورەی کوردایەتی و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر، هەڤاڵ (ڕەسوڵ مامەند) تێدەپەڕێت. لەم یادە خەمناکەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ مێژووی پڕ لە سەروەریی و تێکۆشانی ئەم سەرکردە مەزنەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گەلەکەمان دادەنوێنین کە تەواوی تەمەنی خۆی بۆ ڕزگاریی و سەرفرازیی گەلەکەی تەرخان کرد.
هەڤاڵ ڕەسوڵ مامەند، وەک تێکۆشەرێکی هەڵکەوتووی دەڤەری ڕاپەڕین، نەک هەر بۆ ناوچەکەمان، بەڵکوو بۆ تەواوی کوردستان ڕەمزی ئازایەتی، دەستپاکی و پەرۆشیی نیشتمانی بوو. لە یەکەم چرکەساتی سەرەتای خەباتیی و دواتر وەک سەرکردەیەکی دیار لە دامەزراندنی بزووتنەوەی سۆسیالیست و پاشان وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی تێکۆشان و بڕیارە چارەنووسسازەکاندا بووە. سەرکردەیەک بوو واقیعبین و دووربین، ڕۆڵێکی مێژوویی و حاشاهەڵنەگری هەبوو لە پێکهێنانی بەرەی کوردستانی و سەرخستنی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، و چەسپاندنی پایەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەک ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی هەرێم.
یادکردنەوەی هەڤاڵ ڕەسوڵ مامەند لەم دۆخە هەستیارەی ئێستای کورد و کوردستان و ناوچەکەدا، تەنها گێڕانەوەی مێژوو نییە، بەڵکوو پێویستییەکی گرنگە بۆ هەڵوەستەکردنەوە لەسەر تێڕوانینە وردەکانی.
ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی پڕ لە ئاڵۆزی، ململانێی سەخت و گۆڕانکاریی خێرادا تێدەپەڕێت، هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان لە عێراقدا هێشتا ئاستەنگ و ئاڵنگاریی گەورە لەبەردەمیدان. بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، زیاتر لە هەر کاتێک پێویستمان بەو ڕۆحیەتەیە کە ڕەسوڵ مامەند کاری بۆ دەکرد: یەکڕیزیی نیشتمانی: باوەڕی نەگۆڕی ئەو بە تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکان، ئەمڕۆ تاکە زامنی پاراستنی دەستکەوتەکانمانە لە بەرامبەر ڕەشەبای گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە. هەروەک چۆن پتەوتر کردنی پێگەی کورد لە بەغدا و گەڕانەوە بۆ دەستوور و دابینکردنی شایستە دارایی و سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان، کە ئێستا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی – سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک پێویستییەکی حەتمی لە ناوەندی بڕیاردانی عێراقدا رابەرایەتی دەکات. هەروەها زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک، وەک چۆن ڕەسوڵ مامەند هەمیشە لەگەڵ ئێشی جەماوەردا بوو، ئەمڕۆش هێزی سەرەکیی مانەوەمان لە خزمەتکردنی بێدرێغی هاووڵاتیان و دابینکردنی ژیانێکی شایستەتردایە بۆیان.
لە (٣٢)ـەمین ساڵیادی ماڵئاوایی ئەم کەڵەپیاوەدا، مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، پەیمان نوێدەکاتەوە درێژەپێدەری ئەو ڕێبازە دەبین کە ڕێبازی ڕاستەقینە و حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال و تێکۆشەرانی وەک هەڤاڵ ڕەسوڵ مامەندە، بەردەوام دەبین لە خەبات بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، هێنانەدی مافە ڕەواکانمان، و خزمەتکردنی زیاتری دەڤەری ڕاپەڕین؛ ئەو دەڤەرەی کە هەمیشە لانکەی شۆڕش، قوربانیدان و پێگەیاندنی سەرکردە مەزنەکان و دەروازەی ڕاپەڕین و سەرکەوتنە نەزنەکان بووە.
دروود بۆ ڕۆحی پاکی سەرکردە (ڕەسوڵ مامەند).
سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
سەربەرزی و سەرفرازی بۆ گەلەکەمان.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
