
ڕفعەت عەبدوڵا جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکیدا دواى پیرۆزبایى کردن لە نزار ئامێدى سەرۆک کۆمارى عیراق، رایدەگەیەنێت: وەک (ی.ن.ک) هاوکار و پشتیوانتانین بۆ ئەم قۆناغە چارەنوسازە و هیوادارین پەرۆشانە و بەرپرسیارانە، ڕۆڵێکی مێژوویی بگێڕن لە پاراستنی دەستور و سەقامگیری وڵات و جێبەجێکردنی یاسا و زاڵبون بەسەر گرفت و ئاستەنگەکاندا.
دەقى پەیامەکە:
بەڕێز: هەڤاڵ نزار ئامێدی… جەنابی سەرۆککۆماری عیراقی فیدراڵ
بەبۆنەی متمانە پێدانی ئەندامانی پەڕلەمان و هەڵبژاردنتان وەک سەرۆککۆماری عیراقی فیدراڵ، گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم و ئومێدی سەرکەوتنتان لەم ئەرکە نوێیەدا بۆ دەخوازم و لەڕێگەی ئێوەشەوە پیرۆزبایی لەتێکڕای هاونیشتمانیانی عیراق دەکەم.
هیوادارم لەم ئەرکە دیموکراسی و گرنگەدا پارێزەری بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلانی عیراق بن و بەپابەندییەتی بەدەستورەوە خزمەتی خواستی سەرجەم پێکهاتەکانی عیراق بکەن.
وەک (ی.ن.ک) هاوکارو پشتیوانتانین بۆ ئەم قۆناغە چارەنوسازەو هیوادارین پەرۆشانەو بەرپرسیارانە، ڕۆڵێکی مێژوویی بگێڕن لەپاراستنی دەستورو سەقامگیری وڵات و جێبەجێکردنی یاساو زاڵبون بەسەر گرفت و ئاستەنگەکاندا.
ڕفعەت عەبدوڵا
جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
