
رانیە – ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٢ی نیسانی ٢٠٢٦، کۆڕبەندی سیزیف لە یەکەمین چالاکی فەرمی خۆیدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی کلتووری و هونەری ڕاپەڕین، کۆڕێکی فیکریی ناوازەی لەژێر ناونیشانی پەنجەرەیەک بۆ سێ دەق، سازکرد. چالاکییەکە کاتژمێر ٢:٣٠ـی دوانیوەڕۆ بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە خوێندنەوە و ڕانانی سێ کتێبی تیۆریی نووسەر و ڕووناکبیر (بەختیار عەلی).
ئامانجی سەرەکی کۆڕبەندی سیزیف لەم هەنگاوەدا، دۆزینەوەی هارمۆنیەتێک بوو لە نێوان هەرسێ دەقە جیاوازەکەدا، تاوەکوو تێگەیشتن و ئاسۆیێکی پانۆرامایی لەسەر جیهانبینیی نووسەر لای ئامادەبووان دروست ببێت.
هاوکات، ڕێکخەرانی کۆڕەکە ئاماژەیان بەوەدا، ئەمە هەوڵێکە بۆ ڕزگارکردنی کلتووری ڕانان لە جوینەوە و بەرهەمهێنانەوەی کتێب خۆی، بەو ئامانجەی لەبری کورتکردنەوەی کتێبەکە، پرۆسەی دروستکردنی تێکست لەناو تێکستدا ئەنجام بدرێت و تێڕوانینی تازە بخرێتە نێوان دێڕی دەقە ڕەسەنەکەوە.
خاڵی هەرە گەشی ئەم چالاکییە، دەرکەوتنی سێ گەنجی بیرتیژ بوو کە بە متمانە و شیکاریی قوڵەوە چوونە نێو قووڵایی تێزەکانی بەختیار عەلی و بیرمەندان بە گشتی. ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆڕبەندی سیزیف سەکۆیەکە بۆ دەرخستنی توانای ئەو گەنجانەی کە دیدگەیەکی جیاواز و فەلسەفییان بۆ ژیان و ئەدەب هەیە.
لەم چالاکییەدا هەریەک لەم گەنجانە ڕانانیان بۆ کتێبێک پێشکەش کرد: رەهێڵ عومەر، بە شیکارییەکی وردەوە ڕانانی بۆ کتێبی ئۆپۆزسیۆن و پۆرتڕێتەکانی، خستەڕوو. ئالان فەرمان تێڕوانینە نوێیەکانی خۆی لەسەر کتێبی سێوی سێهەم پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و بابان ئیبراهیم خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بۆ کتێبی ئایدۆلۆژیست ئەنجامدا.
کۆڕەکە کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، خوێنەران و گەنجانی ناوچەکە بەڕێوەچوو، بووە جێگەی سەرنجی ئامادەبووان. توانای ئەم سێ گەنجە لە شیکردنەوەی دەقە قورسەکان و بەستنەوەیان بە ڕامانە فکری و فەلسەفییەکان، ئومێدێکی گەورەی لای ئامادەبووان دروستکرد کە نەوەیەکی نوێی خاوەن هزر پێی ناوەتە گۆڕەپانی فیکریی کوردییەوە و دەتوانێت گۆڕانکاری لە شێوازی تێگەیشتن و مامەڵەکردن لەگەڵ تێکستدا دروست بکات.



