
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 38 هەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: یەکێتی لە رێی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵەوە خاوەندارێتی هەمیشەیی لە ماف و شایستەکانی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوەی و خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکە خۆراگرەکەمان دەکاتەوە و دووپاتیشی دەکاتەوە: خەباتی بێوچانیشمان بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی کەیسەکە وەک جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی چڕ تر دەکەینەوە .
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی:
ئەنفال زامێکی قووڵە لە جەستەی نەتەوە و نیشتمان خەمێکی هەمیشەیی کوردستانی و ئینسانییە.
ئەمساڵ کە سی و هەشت ساڵ بەسەر ئەو تاوانە کۆمەڵکوژیەدا تێدەپەرێت کە بە هەشت قۆناغی پڕ ناسۆر دژی گەلەکەمان بەرپا کرا و هەزاران هەزار ژن و پیاو و منداڵی کورد کرانە قوربانی سیاسەتی رژێمی دڕندەی بەعس، تەئکید لەسەر بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان دەکەینەوە کە ئەنفالی بە تاوانی جەنگ و دژە مرۆیی ناساندووە و خەباتی بێوچانیشمان بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی کەیسەکە وەک جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی چڕ تر دەکەینەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵەوە خاوەندارێتی هەمیشەیی لە ماف و شایستەکانی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوەی و خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکە خۆراگرەکەمان دەکاتەوە و بێ درێغ هەوڵیان بۆ دەدات .
لەیادی ئەو کارەساتەدا سەری رێز بۆ گیانی پاکی شەهیدانمان دادەنوێنین.
درود بۆ خۆڕاگریی كەسوكاری بێسەرو شوێنبوانی ئەنفال.
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
