حەیدەری ئاسایش: وێستگەی نوێی کارکردنمان هەوێنی گەشەپێدانی یەکێتی و خزمەتی زیاتری دەڤەری ڕاپەڕین دەبێت

مەڵبەند – یەکشەممە، ١٩ی نیسانی ٢٠٢٦

لە چوارچێوەی دەستبەکاربوونی وەک لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش پێشوازی لە کاروانی پیرۆزبایی هەڤاڵان، کادران، تێکۆشەرانی دێرین و نوێنەری چین و توێژە جیاوازەکانی ناوچەکە کرد. لە میانی دیدارەکاندا، لێپرسراوی مەڵبەند وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پشتیوانی بەردەوامی کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەرەکە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئەرکە نوێیە وێستگەیەکی گرنگی کارکردن دەبێت بۆ قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوەکارکردن و بەهێزترکردنی ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پێناو خزمەتکردنی زیاتر و شایستەتر بە ناوچەکە و خەڵکە خۆڕاگر و خۆشەویستەکەی.

هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند ئاماژەی بەوەشدا کە کارنامەی داهاتووی مەڵبەند خۆی لە گەشەپێدانی کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی، هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکان بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە دەڤەری ڕاپەڕین دەبێت. دووپاتیشی کردەوە کە یەکێتی وەک هەمیشە بە پڕۆژەی نوێوە دەبێتە پارێزەری مافەکانی خەڵک و کار بۆ ئاوەدانی زیاتری ناوچەکە دەکات، بە جۆرێک کە ئاستی کارکردنی ئۆرگانەکان هاوسەنگبێت لەگەڵ مێژووی پڕ لە تێکۆشانی ئەم دەڤەرە و خواستە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک و گەنجان بە تایبەتی.
هەروەک چۆن لە تەواوی دیدارەکاندا، لێپرسراوی مەڵبەند جەختی لە کراوەیی دەرگای مەڵبەند بۆ هەموو دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکان کردەوە، بە ئامانجی دروستکردنی هەماهەنگییەکی کارا لە نێوان حزب و هاووڵاتیان بۆ تێپەڕاندنی کۆسپەکان و دەستەبەرکردنی پاشەڕۆژێکی گەشتر بۆ تەواوی ناوچەکە و خەڵکەکەی.