
بەبۆنەی (١٢٨)ەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی (کوردستان) لەسەر دەستی میقداد میدحەت بەدرخان و ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان، نووسەران و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان بەگشتی و سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین بەتایبەتی دەکەین.
ڕۆژنامەگەریی کوردی لە مێژووی سەد و بیست و هەشت ساڵەی خۆیدا، هەمیشە سەنگەری پێشەوەی بەرگرییکردن بووە لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلەکەمان. ڕۆژنامەنووسانی کورد لەپێناو گەیاندنی ڕاستییەکان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین قوربانی گەورەیانداوە.
ئێمە لە مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لەم بۆنە نەتەوەیی و پیشەییە گرنگەدا، دووپاتی دەکەینەوە وەک هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی تەواوی ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسی و مافی بەدەستهێنانی زانیارین. بڕوای تەواومان بە ڕۆڵی گرنگی میدیای پیشەیی و بەرپرسیار هەیە لە چاودێریکردنی دەسەڵات، گەیاندنی کێشە و داواکارییەکانی هاووڵاتیان و پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمەکەماندا. جەخت لەسەر ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام و لەبارتر دەکەینەوە بۆ ڕۆژنامەنووسانی سنوورەکەمان، تا بتوانن بەوپەڕی ئازادی و سەربەخۆییەوە ئەرکە پیشەییەکانیان جێبەجێ بکەن و دووربن لە هەر جۆرە پێشێلکاری و بەرتەسککردنەوەیەک.
لەم یادەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی سەرجەم شەهیدانی قەڵەم و ڕاستیبێژی دادەنوێنین؛ ئەوانەی گیانی خۆیان لەپێناو وشەی حەق و ئازادیی گەلەکەیان بەخشی. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ سەرجەم خامە بوێر و ڕاستگۆکان دەخوازین، بۆ ئەوەی هەمیشە چرا بن بۆ ڕوناککردنەوەی تاریکییەکان و نیشاندانی ڕێگەی ڕاستیی.
پیرۆزە ١٢٨ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
