دیدارەکانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی لە کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفی لە وڵاتی یۆنان

 

لەگەڵ بەڕێز ئێدی راما، سەرۆکوەزیرانی کۆماری ئەلبانیا گفتوگۆیەکی بەسوودمان کرد لەبارەی چۆنییەتی کاری هاوبەش بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لە بوارەکانی کولتووری و گەشتیاری و وەبەرهێنان لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەلبانیادا.
ستایشی هەڵوێستی ژیرانە و بێ لایەنانەی هەرێمی کوردستانی کرد لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران. هەردوولامان هیوامان خواست ئەمریکا و ئێران لە قۆناغی ئاگربەستدا بتوانن کێشەکانی نێوانیان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن و ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
سوپاسی دەکەم بۆ بانگهێشتە فەرمییەکەی و بە شانازییەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا و بە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان هەردوو وڵاتدا سەردانی کۆماری ئەلبانیا دەکەم.
لە چەند ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لەگەڵ بەڕێز یۆرگۆس یێراپێتریتیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان بە گرنگمان زانی کاری زیاتر بکرێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانی بازرگانی و گەشتوگوزار و خوێندنی باڵا و کشتوکاڵدا.
بۆ ئەم مەبەستەش داوام کرد حکومەتی یۆنان کار بکات بۆ کردنەوەی گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆ لەنێوان سلێمانی و ئەسینا.
هەروەها وەکچۆن ساڵی رابردوو کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفی بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، هەردوولامان بە پێویستمان زانی کاری هاوبەش بکرێت بۆ ئەوەی بەڕێوەچوونی ئەم کۆڕبەندە لە سلێمانی بەردەوام بێت.
لەگەڵ بەڕێز تاریق متری، جێگری سەرۆکوەزیرانی لوبنان باسمان لەوە کرد کوردستان و لوبنان، بەهۆی ئەم جەنگەی ناوچەکەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە. هیوامان خواست کێشە و ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و ئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلانی ناوچەکە بگەڕێتەوە.
هەروەها باسمان لە چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و گەشتیارییەکانی نێوان هەردوولامان کرد و جەختمان کردەوە لەسەر کارکردنی زیاتر بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانمان بە جۆرێک کە خزمەت بە ئابووریی هەردوولامان بکات.