
قەزای پشدەر لە یادەوەریی پاسیڤەوە بگوێزرێتەوە بۆ هێزێکی داینامیکی بۆ مافخوازی
یەکێتی و قەڵادزێ؛ لە شادەماری بەرەنگاریی و قوربانیدانەوە، بۆ پێشەنگایەتی خەباتی نوێی ئاوەدانی
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین’ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ٢٥ ساڵەیادی مەرگەساتی بۆردومانی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ و ٤٤ ساڵەیادی ڕاپەڕینی ٢٤ی نیسانی ١٩٨٢ی قەڵادزێدا، ڕایدەگەیەنێت کە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە فۆرمی باو بۆ یادکردنەوە تێبپەڕێنرێت. ” لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە قەڵادزێ تەنها ناوچەیەکی بریندار نییە، بەڵکوو بکەرێکی مێژووییە و شایستەی ئاوەدانکردنەوەیەکی هەمەلایەنە و قەرەبوویەکی نێودەوڵەتی و نیشتمانییە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک چۆن لە ڕابردوودا ئەندازیاری ڕاپەڕین و پارێزەری ئەم خاکە بووە، ئەمڕۆش بە دیدگایەکی نوێوە کار بۆ ئەوە دەکات کە دۆسیەی ئەم شارە لە کایە نێودەوڵەتییەکاندا وەک تاوان دژ بە ژینگە و مرۆڤایەتی بناسێنرێت.”
لە پەیامەکەی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕیندا ئەمەش هاتووە: “قەڵادزێ شادەماری بەرەنگاریی بووە و دەبێت ببێتە نموونەی گەشەپێدانی ستراتیژی لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی کوردستان. داوا دەکەین حکومەتی فیدراڵی وەک میراتگری بەرپرسیارێتییە یاساییەکان، بە بودجەیەکی تایبەت برینەکانی ئەم شارە ساڕێژ بکات، هەروەها داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین ئیدارەدانی قەڵادزێ و قەزای پشدەر لە مۆدێلی بەڕێوەبردنی ڕۆژانەوە بگوێزێتەوە بۆ وەبەرهێنانی گەورە لە ژێرخان و کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاریدا.
لە بەشێکی تری پەیامەکەدا مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین دەڵێت: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەم وێستگەیەدا پەیمانی وەفاداری بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان نوێ دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە، خەباتی ئێمە چەقی مافخوازیی مەدەنی و زانستیدا دەبێ و تەنها بە یادکردنەوە ناوەستین، بەڵکوو بەو ئیرادە پۆڵاینەی کە لە ڕاپەڕینی ١٩٨٢وە بۆمان ماوەتەوە، فشارەکانمان لە هەولێر و بەغدا چڕتر دەکەینەوە بۆ دەستەبەرکردنی شایستە دارایی و خزمەتگوزارییەکانی شارەکە و قەزای پشدەر بە گشتی. ئەمەش ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانییە کە یەکێتی لەپێناو قەڵادزێدا دەیکاتە ئەولەویەتی کارەکانی.
دەقی تەواوی پەیامەکەی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
قەڵادزێ: لە کارەساتی نێودەوڵەتییەوە بۆ چەقی بنیاتنانەوەی ستراتیژی و دادپەروەری
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانیان..
خەڵکی خۆڕاگری قەڵادزێ و قەزای پشدەر..
ئەمڕۆ ٢٤-٤-٢٠٢٦، لە کاتێکدا یادەکانی (٥٢) ساڵەی بۆردومانی قەڵادزێ بە چەکی قەدەغەکراو (٤٤) ساڵەی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئەم شارە دەکەینەوە، جیهان و ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی خێرای جیۆپۆلەتیکی و ئابووریدا تێدەپەڕن. لەم وێستگەیەدا، وێڕای نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداریمان بۆ قەڵادزێ و قەزای پشدەر، ئەم یادانە دەبێت لە چوارچێوەی یادەوەرییەکی پاسیڤەوە بگوێزرێنەوە بۆ هێزێکی داینامیکی بۆ مافخوازی و ئاوەدانکردنەوەی زیاتر و شایستەتر.
مەرگەساتی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤، بە تەنها هێرشێکی سەربازی نەبوو، بەڵکوو یەکێک بوو لە یەکەم تاقیکردنەوەکانی چەکی کۆمەڵکوژ و ناپاڵم لە مێژووی هاوچەرخی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەو تاوانە لە یەککاتدا هێرشێکی سیستەماتیک بوو بۆ سەر (ژینگە، دیمۆگرافیا و ناوەندی زانستی وەک زانکۆی سلێمانی). هەر بۆیە، ئەمڕۆ داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانییەکانی بواری ژینگە و مافی مرۆڤ دەکەین، کە دۆسیەی قەڵادزێ وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی دژ بە مرۆڤایەتی و ژینگە بناسێنن و پشتیوانی پرۆژەکانی پاککردنەوەی ژینگەیی و ئاوەدانی و لێکۆڵینەوەی زانستی بکەن لە ناوچەکەدا.
عیراقی ئەمڕۆ کە هەنگاو بەرەو پرۆژە ئابوورییە گەورەکان و بەهێزکردنەوەی پێگەی خۆی دەنێت، ناتوانێت لەسەر بنەمای فەرامۆشکردنی برینەکانی ڕابردوو و پێشێلکردنی بنەماکانی دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە، ئایندەی خۆی بنیاتبنێت. حکومەتی فیدراڵی عیراق، وەک میراتگری بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی دەوڵەت، بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و دەستووریی ڕاستەوخۆی لەسەر شانە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی شاری قەڵادزێ و قەزای پشدەر. ئێمە جەخت دەکەینەوە کە هەر ستراتیژییەک بۆ گەشەپێدانی عیراق، ئەگەر بودجەی تەرخانکراوی تێدا نەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارانەی بەهۆی جێبەجێکردنی سیاسەتی شۆڤێنییەوە وێرانکراون، ستراتیژییەکی ناتەواوە.
ڕاپەڕینی ٢٤ی نیسانی ١٩٨٢، سەلماندی کە قەڵادزێ تاقیگەی باڵای خۆڕاگرییە. ئەو ڕاپەڕینە، کە بە ئەندازیاری و پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپا بوو، خەباتی شاخ و شاری پێکەوە گرێدا. ئەمڕۆش ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ئیدارەدانی قەڵادزێ لە مۆدێلی بەڕێوەبردنی ڕۆژانەوە بگوێزێتەوە بۆ پەرەپێدانی ستراتیژی. وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری، پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی و گەشتیاری و گرنگیدان بە توانا زانستییەکانی زانکۆی ڕاپەڕین، لە کەمترین مافەکانی ئەم دەڤەرە و ئەم شارەن.
ەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک چۆن لە خەباتی چەکداری و ڕۆژە سەختەکاندا، شادەماری بەرەنگاریی قەڵادزێ بوو، ئەمڕۆش لە چەقی خەباتی مەدەنی و زانستیدا، پارێزەری مافەکانی ئەم دەڤەرە دەبێت. ئێمە لە مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنین کە تەنها بە یادکردنەوە ناوەستین، بەڵکوو بە پەرۆشی و دیدگەیەکی کارای قووڵەوە، کار دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی شایستە دارایی و خزمەتگوزارییەکانی شارەکە لە هەردوو ئاستی بەغدا و هەولێر.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی قەڵادزێ و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
سڵاو لە ئیرادەی پۆڵاینی خوێندکاران و ڕاپەڕیوانی ١٩٨٢ و تەواوی خەڵکی خۆڕاگری پشدەر.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
