حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین: یەکێتی، دوێنێ سەنگەری بەرگری و ئەمڕۆ سەنگەری ئاوەدانی قەڵادزێ و قەزای پشدەرە


دیدار: ڕۆژنامەی قەڵادزێ
لە ٥٢ساڵە یادی بۆردومانی قەڵادزێ و ٤٤ساڵە یادی ڕاپەڕینە مێژووییەکەیدا، هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش (حەیدەر سەعید ڕەشید)، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لەم دیدارە تایبەتەدا، دوێنی قەڵادزێ دەخوێنێتەوە و دەست دەخاتە سەر ئەولەویەتەکانی ئەمڕۆی قەزای پشدەر. ئەو پێیوایە شارەکە هەر تەنها جوگرافیایەک نییە، بەڵکوو ڕۆحی زیندووی دەڤەری ڕاپەڕین و کوردستانە، کە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زۆر زیاتر و جیاواز هەیە.

هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش لەبارەی ڕەهەندە مێژووییەکەی ٢٤ی نیسانەوە دەڵێت: کاتێک باس لە قەڵادزێ دەکەین، باس لە مێژوویەک دەکەین کە تێیدا هەموو مانا مرۆیی و شۆڕشگێرییەکانی تێدا کۆبوونەتەوە. ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤، تەنها بۆردومانکردنی شارێک نەبوو، بەڵکوو لەگەڵیدا هەوڵی جینۆسایدی فیکری و زانستی شارەکەیش بوو. هەڵبژاردنی زانکۆی سلێمانی وەک ئامانج، نیشانەی ئەوەیە بەعس چەندە لە زانست و هۆشیاریی ئەم شارە دەترسا. بەڵام ئەوەی قەڵادزێی کردە سیمبوڵ، هەشت ساڵ دواترو لە هەمان ڕۆژدا ڕوویدا؛ ڕاپەڕینی ٢٤-٤-١٩٨٢ سەلماندی کە مەرگ ناتوانێت ئیرادەی ئەم خەڵکە تێکۆشەر و خۆڕاگرە بشکێنێت. لێرەوە پەیامی ئێمە بۆ بۆ جیهان و جیهانیان ئەوەیە: قەڵادزێ شارێکە کە لە خۆڵەمێشی خۆی دروستبۆتەوە، هەمیشە وەک مەڵبەندی هۆشیاری و کوردایەتیش دەمێنێتەوە.

هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین پەیوەندیی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شارەکە بە پەیوەندییەکی ئەندامی وەسف دەکات: پەیوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قەڵادزێ، پەیوەندییەکی بەرژەوەندیخوازیی سیاسی نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکە بە خەبات و خوێن نوسراوەتەوە. یەکێتی لە ڕۆژە هەرە سەختەکاندا، کاتێک ڕژێمی بەعس دەیویست ناوی قەڵادزێ و قەزای پشدەر لەسەر نەخشە بسڕێتەوە، لێرە بوو؛ لە ناو دڵی خەڵکەکەدا بوو. ئێمە لە ڕابردوودا بە ڕاپەڕین تۆڵەی شەهیدەکانمان کردەوە، ئەمڕۆش هەموو تواناکانمان لەو پێناوەدا تەرخانکردوە تا بە ئاوەدانی زیاتر گەشەپێدانی باشتری ئیداری و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکەکەی تۆڵەی ئەو ساڵە سەختانە بۆ خەڵکە تێکۆشەرەکەی بکەینەوە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر رێبازە ڕەسەن و بنەڕەتییەکەی خۆیەتی، ئەو ڕێباز و ڕەسانەیەتییەی سەرۆک مام جەلال داڕێژەریەتی و سیاسەتی نوێی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتی، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی قەڵادزێ دەبێت ببێتە نموونەی گەشەپێدان، چونکە ئەم شارە بە درێژایی مێژوو قەڵای شۆڕش و پشتیوانی یەکێتی بووە.

سەبارەت بە دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی قەڵادزێ و قەزای پشدەر لە ئاستی عیراقدا، هەڤاڵ حەیدەر دەڵێت: ئێمە لێرەوە ڕاشکاوانە بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی دەڵێین؛ حکومەتی فیدراڵی عیراق وەک میراتگری دەوڵەت، بەرپرسیارە لە هەموو ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئەم شارە کراون. ناساندنی بۆردومانی قەڵادزێ وەک جینۆساید لە دادگای باڵای تاوانەکان، دەبێت بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. داواکارین دۆسیەی ئاوەدانکردنەوەی پشدەر بخرێتە ناو پڕۆژەی گەشەپێدانی نیشتمانیی عیراقەوە. قەڵادزێ شایستەی ئەوەیە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت بۆ بوژاندنەوەی ئەو کەرتانەی بەهۆی سیاسەتی ڕاگواستن و وێرانکارییەوە پەکخراون ئەمە مافێکی یاسایی و دەستوورییە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هەموو هێزی خۆیەوە لە بەغدا داکۆکی لێدەکات.

سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکان بۆ ناوچەکە، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند ڕوونی دەکاتەوە: ئێمە تەنها باس لە چاککردنی کۆڵانێک یان دابینکردنی کارەبا و ڕێگەوبانێک ناکەین، ئەوانە مافی سەرەتایین، ئەمە ئەرکی دوولایەنەی هەر یەک لە حکومەتەکانی هەرێم و فیدڕاڵە. دیدگەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی و داوای ئێمە ئەوەیە پشدەر بکەینە جەمسەرێکی گرنگی بازرگانی و کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستاندا. کارکردن لەسەر پەرەپێدانی مەرزەکان، ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەت و بەهێزکردنی ژێرخانی زانکۆی ڕاپەڕین، بەشێکن لە ئەولەویەتەکانمان. دەمانەوێ قەڵادزێ ببێتە شوێنێک گەنجەکانی نەک هەر تێیدا بمێننەوە بەڵکوو ببنە خاوەن پرۆژەی خۆیان. کردنەوەی گرێکوێرەی وەبەرهێنان و بڕیاری تەرخانکردنی ڕێژەی لەسەدا بیستی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ قەڵادزێ و قەزای پشدەر بەگشتی و تەواوکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئاو و ڕێگەوبان، بەڵێنی ئێمەن کە هەنگاو بە هەنگاو کار لەسەر جێبەجێکردنیان دەکەین.
لە بەشێکی تردا، هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش تیشکی خستە سەر پێگەی جیۆپۆلەتیکی دەڤەرەکە و وتی: پشدەر نابێ تەنها وەک ناوچەیەکی سنووریی دوورەدەست تەماشا بکرێت، بەڵکوو دەبێت ببێتە جەمسەرێکی بازرگانیی نێودەوڵەتی. ئێمە پێمانوایە مەرزی کێلێ لە چوارچێوەی ناوچەی ئازادی پیشەسازی و بازرگانیدا دەبێت پەرەی پێ بدرێت؛ ئەمە نەک هەر هەزاران هەلی کار بۆ گەنجانمان دەڕەخسێنێت، بەڵکوو کۆتایی بە دیاردەی کۆڵبەری و مەترسییەکانی سەر سنوور دەهێنێت. ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی سنوورەکان لە هەڕەشەوە بگۆڕین بۆ دەرفەتێکی زێڕینی ئابووری، بە جۆرێک کە قەڵادزێ ببێتە پردی بازرگانی نێوان هەرێم و ناوچەکە.

سەبارەت بە سامانی سروشتیی ناوچەکە، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند وتی: پاراستنی زێی بچووک و سەرچاوە ئاوییەکانی پشدەر بۆ ئێمە پرسێکی ئاسایشی نەتەوەییە. پلانمان هەیە بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان، هانی وەبەرهێنان بدەین لە پڕۆژەی پۆند و بەنداوە بچووکەکاندا، نەک تەنها بۆ کشتوکاڵ، بەڵکوو بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاریی سروشتی و سامانی ماسی کاری جیدی بکەین. دەمانەوێت بناری ئاسۆس و دەوروبەری زێی بچووک ببنە ناوچەی گەشتیاریی مۆدێرن. ئەمە باشترین وەڵامە بۆ ئەو ئیکۆساید و وێرانکارییە ژینگەییەی کە ڕژێمی پێشوو لە ڕێگەی ڕاگواستن و سووتاندنی باخەکانەوە بەرامبەر ئەم ناوچەیە ئەنجامی دا.
هەروەها سەبارەت بە داهاتووی گەنجان و ڕۆڵی زانست جەختی کردەوە: داهاتووی ئەم شارە بەندە بەوەی کە چۆن سوود لە توانای زانستیی زانکۆی ڕاپەڕین وەردەگرین. ئێمە دەمانەوێت زانکۆی ڕاپەڕێن ببێتە ناوەندی ڕاوێژکاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین؛ هیچ پڕۆژەیەکی ئاوەدانی ئەنجام نەدرێت ئەگەر پەسەندی زانستیی زانکۆی لەسەر نەبێت. ئامانجی سەرەکیمان کۆچی پێچەوانەیە؛ واتە دروستکردنی کەشێک کە گەنجانی ڕاپەڕین و قەزای پشدەر بە تایبەتی لێرەدا خاوەن پڕۆژەی بچووک و مامناوەندی خۆیان بن. پشتگیریکردنی دەرچووانی زانکۆ لە ڕێگەی سندوقی پاڵپشتی و کەرتی تایبەتەوە، یەکێکە لەو خاڵە جەوهەرییانەی لە تەواوی کارنامەی خزمەتگوزاریی یەکێتیدا جێگەی خۆی کردووەتەوە.
هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، پەیامێکی گەرم ئاڕاستەی خەڵکە خۆشەویستەکەی قەڵادزێ و قەزای پشدەر دەکات: پەیامی من بۆ خەڵکی سەربەرزی قەڵادزێ و قەزای پشدەر ئەوەیە؛ ئێمە لە ئازارەکانتان تێدەگەین و دەزانین کە هێشتا شارەکە شایستەی زۆر لەوە زیاترە بۆی کراوە. بە دڵنیاییەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چۆن لە سەنگەری بەرگریدا لەگەڵتان بووە، لە سەنگەری خزمەت و ئاوەدانیشدا تەنهاتان ناکات. یادی ٢٤ی نیسان بۆ ئێمە تەنها بۆنەیەک نییە بۆ گوتاردان، بەڵکوو وێستگەیەکە بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانمان و داڕشتنی پلانی نوێ. خەمی ئێوە خەمی ئێمەیە و پێکەوە قەڵادزێ دەکەینەوە بەو شارەی کە شەهیدەکانمان خەونیان پێوە دەبینی؛ شارێک پڕ لە ژیان، ئازادی و شکۆ.