
ئەرسەلان مەحمود
پارساڵ لەم ستوونەدا قسەمان لەسەر قەڵادزێ پارادایمێکە لە مێژووی خۆڕاگریدا کرد. ئەمساڵ دەمەوێ هەنگاوێک قووڵتر بڕۆم و پرسیارێکی بوونناسانەتر بکەم: ئایا قەڵادزێ بوونی هەیە؟ ڕەنگە ئەم پرسیارە لە ڕوانگە فیزیکییەکەیەوە بێمانا دەربکەوێ، بەڵێ شارەکە هەیە، خەڵکەکەی تێیدا دەژین، بازاڕەکەی کراوەیە. بەڵام ئەو بوونەی دەسەڵات پێناسەی دەکات، قەڵادزێ نەبوونێکی ڕێکخراوە. بەغدا شارەکەی لە بەرنامەدا نییە، قەرەبووی نەکردۆتەوە، ژێرخانی بینانەکردۆتەوە، سەرخانی ئاوەداننەکردۆتەوە. هەولێر جیاکاریخوازانە دەڕوانێتە شارەکە و لە پلانی ستراتیژییدا بوونی نییە و جێگەیەکی بۆ دانەناوە. ئەمە نەبوونێکی سیستەماتیکییە: شارێک لە ئاسمانەوە بۆمباران و لە زەوییەوە جینۆساید کراوە، کەچی ئەمڕۆ لەسەر کاغەز و کارنامەی بیروبڕیاری حکومەتی میراتگر و جیاکاریخوازدا بوونی نییە.
بوونی مرۆڤ ئەوەیە هاوکات ئاگاداری نەبوونی خۆیەتی. ئەمە هایدگەر وادەڵێت، بەڵام قەڵادزێ ئەم فۆرمولەیە بە گۆشەی نەوەد هەڵدەگێڕێتەوە: شار ئاگاداری خوێنی ١٩٧٤ و ڕاپەڕینی ١٩٨٢ و ڕاگواستنی ١٩٨٩ی خۆیەتی، بەڵام ئاگابوونەکە نەیتوانیوە بوونێکی شایستە بە خۆی بۆ بخوڵقێنێ، بۆچی؟ چونکە بەغدا ئەم مێژووە بە قەرزێکی سیاسی نازانێ و هەولێریش لایلێداوە. بە قسەی هانا ئارێندت بێت ئەمە توندوتیژیی بیروکراتیکە، ئەو جۆرەی لەبری کەسێک هەبوونی کۆمەڵگەیەک لەناودەبات، بەچی؟ بێگومان بە نادیدگەرایی و بە جیاکاریخوازیی. ئەمە وەسفی پەیوەندی بەغدا و قەڵادزێ، هەولێر و قەزای پشدەرە، هەڵبەتە نەک وەک شار، بەڵکوو وەک دەسەڵات. کوشتنێک بە لالێنەکردنەوە و ئاوەداننەکردنەوە.
ژمارەکان ئەم نەبوونە سەلماوتر دەکەن. ساڵی ٢٠٢٥ لە قەزای پشدەر زیاتر لە ١٥٠٠ کەس هەوڵی چوونە دەرەوەی وڵاتیانداوە. بێکاری وەک هۆکاری سەرەکی دیاریکراوە. ئەمە تەنها ژمارە نییە، ئەمە ئاماژەیەکی بوونناسانەیە. کاتێک گەنجێک ناوی خۆی لە لیستی کۆچبەراندا دادەنوسێ، لە ڕاستیدا دەنگ بە بوونی خۆی دەدات لەو شوێنەدا: دەڵێ بوونم لێرە ناتەواوە. ئەمە ڕادەکردنە لەو بوونە. ئەو شارەی خەڵکەکەی تێیدا لە بوونی خۆیان ڕادەکەن، بە نزیکبوونەوە لەچی؟ لە مردن.
قەڵادزێ لەم لۆژیکەدا لەکوێدایە؟ ئەم شارە هەولێر نایەوێ وەک خۆی بیبینێت، بەغدا نایەوەی وەک خۆی وڵامی بداتەوە. ئەوەی ئەم شارەی بینیی بەعس بوو، بەڵام وەک ئامانجێکی سەربازی، نەک وەک بوونێکی مرۆیی. بۆمبارانی ١٩٧٤، ڕاگواستنی ١٩٨٩ ئەوە نەبوون وەک هەبوویەک بیبینێ، بەڵکوو وەک شتێک دەبێت نەبێت. هەولێر قەڵادزێ دەبینێت، بەڵام وەک فایلێکی سەوز، هەروەک چۆن بەغدای ئەمڕۆش شارەکە دەبینێ، بەڵام وەک فایلێکی کۆن، لەسەر مێزە حزبۆکراتی و ئیتنیکی، نەک وەک بوونێکی زیندوو پلانی بۆ دابنێن و بودجەی بۆ بنێرن.
ئەمە تەنها قسەی قەڵادزێ نییە. قەڵادزێ ئاوێنەیە. هەر شارێک بونیادی مێژوویی و خوێنی خۆی هەبێ بەڵام پلانی ستراتیژیی بۆ نەبێ، ئەو شارە لەم ئاوێنەدا ڕووی خۆی دەبینێت. جیاوازی قەڵادزێ لەوەدایە تێکەڵەیەکە لە هەموو زامەکان، بۆمباران، ئەنفال، ڕاگواستنی زۆرملی، بێکاری، کۆچ و بێ شوێنی لە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیدا، ئەگەر شوێنێک هەبێت تەواوی ئازاری مرۆڤی کوردی تێیدا کۆبکرێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو شوێنە قەڵادزێیە. ئەو شارەی داوای سەدەقە ناکات. مافی خۆی دەوێت، ماف نەک وەک دروشم و سۆز، بەڵکوو وەک بودجە و ژێرخان و ئایندە.
