
عومەر قادر وسو
کوردستان خاوەنی میراتێکی رۆژنامەوانی دوورودرێژە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 22ی نیسانی ساڵی 1898، (کوردستان) بە کۆنترین رۆژنامەی کوردی دەژمێردرێت، کە لەسەر دەستی بەدرخانییەکان دەرچوێنرا لە قاهیرەی پایتەختی میسر.
ئەگەر بەراوردی نێوانمان بکەین لەگەڵ عیراقدا، کە یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (الزوراء)یان، لە ساڵی 1869 دەرکردووە، ئەوا نزیکەی 29 ساڵ نێوانمانە، وێڕای ئەو هەموو زوڵم و چەوسانەوە و غەدرە نەتەوایەتییەی، لەلایەن رژێمی عیراقەوە لە گەلەکەمان کراوە، بەداخەوە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا، رۆژنامەگەری چاپکراو لە کوردستان، دابەزینێکی بەرچاو لە خواستدا بەخۆیەوە دەبینێت، بەهۆی بڵاوبونەوەی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیاوە کە خواستی لەسەر رۆژنامەی چاپکراو لاوازکردووە، بەڕادەیەک خستویەتییە قەیرانەوە، چونکە خەڵک بەلایانەوە گرنگە هەواڵی خێرا لە رێگەی مۆبایلە زیرەکەکانیان و بەرنامەکانی سۆشیال میدیا و رۆژنامە ئەلکترۆنییەکانەوە وەک ئەلتەرناتیڤ بەدەستبێنن، کە لەلایەن ماڵپەڕەکانەوە ساز و ئامادە دەکرێت.
دابەزینی خواست لەسەر رۆژنامە نەک هەر لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە جیهانی عەرەبی و سەرتاپای جیهانیش هەیە، هەندێک لە رۆژنامەکان بەتەواوی بوونەتە ئەلکترۆنی و جگە لەوەش، قەیرانە داراییەکان، رۆژنامەی رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ کردووەتەوە، کاریگەریی لەسەر بەردەوام بوونیان و هەروەها ناوەرۆکیان کردووە، کە قەناعەت پێکەر نین و توانای راکێشانی خوێنەریان نییە.
دەربارەی رۆڵی رۆژنامە لە دوای راپەڕینەوە، رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)، رۆڵی گەورە و مێژوویی خۆی بووە جیا لەسەرجەم رۆژنامەکانی تری هەرێم، بە رۆژنامە ئەهلییەکانیشەوە و توانیویەتی ئاستی خوێنەری خۆی بپارێزێت، پێگەی خۆشی بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی سەردەم بپارێزێت.
کوردستانی نوێ، وەک نموونەیەکی بێڕکابەر، هەمیشە سەکۆیەکی ئازاد و گەورە بووە بۆ دەربڕینی رای ئازاد، رەنگدانەوەی شەقام و گەیاندنی راستییەکان بەبێ شێواندن، لەژێر دروشمی رۆژنامەگەری مەیدانی، نەک وەکو بەشێک لە رۆژنامەکان، کە تەنیا لە رێگەی دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە هەواڵ دەگوازنەوە. کوردستانی نوێ، بەپێچەوانەی ئەوانەوە، هەواڵی تازەی لە دڵی رووداوەکانەوە گواستۆتەوە.
کوردستانی نوێ وەک رۆژنامەیەکی رەسەن و راستەقینە، کاری رۆژنامەگەری لەپشت مێزەکانەوە نەکردووە، بەڵکو لە مەیدان و لەنێو خەڵکدا بووە، هەمیشە شوێنی پێگەیاندنی کادری ناو راگەیاندنەکان بووە، توانیویەتی تۆڕی بەرفراوانی پەیامنێر و رۆژنامەنووس دروست بکات.
ئەم رۆژنامەیە، بەوە جیادەکرێتەوە لەوانی تر، کە دوور بووە لە سانسۆر و دەمکوت کردن، کوردستانی نوێ پرۆژەیەکی نیشتمانی میدیایی گشتگیرە، کە دیاری و بیرۆکەی مامی گەورەو رابەرمانە، بۆئەوەی دەنگێکی راستەقینە بێت بۆ هەرێمی کوردستان، نەک تەنها بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی فەزای گفتوگۆی فراوان لە نێوان خەڵکدا، دوور لە ئەجێندای تەسکی حزبی، هەروەک لەسەرەتاوە پەیامێکی روونی نیشتمانی هەڵگرتووە، لەم رۆژە پیرۆزەی رۆژنامەگەریی کوردیدا، پێویستە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بایەخی زیاتر بدات بە بۆردی راگەیاندن و «کوردستانی نوێ»ی ئازیز، بە ئامانجی بەردەوامی و دریژەدان بە خزمەتی بواری رۆژنامەگەری کوردی.
