
راپەڕین – ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٦
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی ٥٢هەمین ساڵیادی بۆردومانی قەاڵدزێ و ٤٤ هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە مێژووییەکەی شارەکە، وەک ساڵانی ڕابردوو ڕۆژنامەیەکی تایبەتی ئامادەکرد و بڵاویکردەوە.
ڕۆژنامەکە بە هاوکاری چاپخانەی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ لە ١٢ لاپەڕەدا چاپکراوە و ناوەڕۆکێکی هەمەڕەنگی لەخۆگرتووە کە بوارە سیاسی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکانی ئەم دوو ڕووداوە گرنگەی لە خۆ گرتووە. لە لاپەڕەی یەکەمدا پەیامی مەڵبەند بڵاوکراوەتەوە و تێیدا داواکراوە قەزای پشدەر لە یادەوەرییەکی پاسیڤەوە بگوێزرێتەوە بۆ هێزێکی داینامیکی بۆ مافخوازی و ئاوەدانکردنەوە.
ڕۆژنامەکە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، ئەنجامداوە و تێیدا تیشکخراوەتە سەر ئەولەویەتەکانی ئەمڕۆی قەزای پشدەر و پلانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ گەشەپێدانی ئەم دەڤەرە. لێپرسراوی مەڵبەند جەختی کردووەتەوە کە یەکێتی دوێنێ سەنگەری بەرگری و ئەمڕۆ سەنگەری ئاوەدانی قەاڵدزێ و قەزای پشدەرە.
بەشێکی تری گرنگی ناوەڕۆکی ڕۆژنامەی قەڵادزێ بۆ خوێندنەوەی فەلسەفی و سۆسیۆلۆژی ئەم دوو ڕووداوە تەرخانکراوە، لەوانە بابەتی قەڵادزێ لە تاقیگەی داهاتوودا و ئاناتۆمیای وێرانکاری و ئاوەدانکردنەوە، کە کارەساتی قەڵادزێ لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی و بوونناسییەوە تاوتوێ دەکات. هەروەها بابەتێکی تایبەت بە دەنگدانەوەی ڕاگواستنی قەزای پشدەر لە ئاوێنەی میدیای جیهانیدا تەرخانکراوە کە تیشک دەخاتە سەر چۆنیەتی پۆشینی ئەم کارەساتە لە دەزگا ڕاگەیاندنە جیهانییەکاندا لە ڕۆژنامەی تیلیگرامی بەریتانی بۆ واشتۆن تایمزی ئەمریکی و لۆمۆندی فەرەنسی.
هەروەها چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ دڵشاد عەبدوڵاڵ ڕەش کراوە، کە یەکێک لە چالاکوانانی ڕاپەڕینی ١٩٨٢ی قەڵادزی بووە، تێیدا وردەکارییەکی سەرنجڕاکێشی ئامادەکارییەکانی پێش ڕاپەڕین و ڕۆڵی ڕێکخستنەکانی یەکێتی لە بەرپاکردنی ئەم ڕاپەڕینە تاوتوێکراوە.
ڕۆژنامەکە هاوکات تیشکی خستووەتە سەر کێشە ڕۆژانەییەکانی شارەکە، لەوانە جێبەجێنەکردنی بڕیاری تەرخانکردنی ٢٠٪ ی داهاتی مەرزی کێلێ بۆ پڕۆژەکانی قەزای پشدەر، چارەنووسی ناڕوونی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، و پڕۆژەی ماڵی لاوان کە پاش ١٢ ساڵ هێشتا تەواو نەکراوە. هەروەها بابەتێکی ئەدەبی بۆ بیرەوەریی ئەو نووسەر، شاعیر و زانایانە تەرخانکراوە کە لە دەڤەری پشدەر سەریانهەڵداوە، بابەتێکی دیکەش باسی ڕۆڵی هونەری شانۆ دەکات لە پاراستنی مێژووی قەڵادزێدا.
دەستەی ئامادەکاری ڕۆژنامەی قەڵادزێ پێکهاتووە لە چەند ڕۆژنامەنووس و نووسەرێک بە سەرپەرشتیاریی ئەرسەلان مەحمود، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندەکە و دیزاینی شیروان عیزەت، ستافی ئامادەکاری بریتین لە مستەفا محەمەد، ڕێباز مام شۆڕش، بەکر مەحمود، جەعفەر حەسەن، دەشتی ڕەسوڵ و بەرهەم فەهمی.
ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆژنامەیە لەلایەن مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕینەوە، لە چوارچێوەی ئەو نەریتە ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیرییەدایە کە هەموو ساڵێک لە یادی ٢٤ی نیسان پابەندی بووە، بەمەبەستی زیندوو ڕاگرتنی یادی شەهیدان و دیاریکردنی بەڵێنە بەدیننەهاتووەکانی حکومەتی فیدراڵی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی ئەم شارە.
