
ڕاپەڕین – یەکشەممە، ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٦
دوای ئەوەی لەسەر ئەرک و لەلایەن نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تەرمی نووسەر و ڕووناکبیری گەورەی کورد (د. ڕەفیق سابیر) لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕێندرایەوە باوەشی نیشتمان، لە مەڕاسیمێکی پڕ شکۆدا کە لە هۆڵی ڕۆشنبیریی ڕانیە بەڕێوەچوو، ماڵئاوایی کۆتایی لێکرا.
مەڕاسیمەکە کە بە ئامادەبوونی عەتا محەمەد، نوێنەری تایبەتی قوباد تاڵەبانی، هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین و هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بەڕێوەچوو. هەریەک لە د. موحسین نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیری، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و نوێنەری پارێزگاری هەڵەبجە و قائمقامەکانی قەزاکانی ڕانیە و پشدەر، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، شاعیران، هونەرمەندان، کەسایەتییە جیاکان، خێزان و خانەوادەی کۆچکردوو ئامادەی بوون.
لە دەستپێکی مەڕاسیمەکەدا، هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، وێڕای وتەی بەخێرهێنان، تیشکی خستە سەر پێگە بەرزە کەسی و ئەدەبییەکەی د. ڕەفیق سابیر وەک قەڵەمێکی ڕچەشکێن و ڕووناکبیرێکی گەورەی ناوچەکە و کوردستان، کە بەرهەمەکانی بوونەتە سەرمایەیەکی نەتەوەیی و جێگەی شانازیی هەمووانن. دواتر عەتا محەمەد، نوێنەری تایبەتی قوباد تاڵەبانی، لە وتەیەکدا وێڕای بەرز نرخاندنی ڕۆڵی کۆچکردوو، جەختی لەوە کردەوە کە لەدەستدانی ئەم کەڵەپیاوە کەلێنێکی گەورەیە لە کاروانی ڕۆشنبیریی کوردی، بەڵام قەڵەمەکەی وەک چەکێکی هەمیشەیی بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان بە زیندوویی دەمێنێتەوە. پاشان د. موحسین بە نوێنەرایەتیی وەزیری ڕۆشنبیری هەڵوەستەی لەسەر خەرمانی ئەدەبیی د. ڕەفیق سابیر کرد و وتی: د.ڕەفیق تەنها نووسەر و شاعیرێکی هەستناسک نەبوو، بەڵکوو لێکۆڵەرێکی قووڵ و شارەزایەکی گەورەی ئەدەبیات بوو. ئاماژەی بەوەشدا کە هەرچەندە د. ڕەفیق چەندین زمانی زیندووی جیهانی دەزانی و دەیتوانی قسەیان پێبکات و بنووسێت، بەڵام وەک خۆی دەیگوت، هیچ زمانێک هێندەی زمانی شیرینی کوردی نەیتوانیوە ئەو هەستە قووڵەی پێ ببەخشێت و ڕۆحی لە نووسیندا ئارام بکاتەوە.
لە بەشێکی دیکەی مەڕاسیمەکەدا، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە وتە بەپێزەکەیدا ڕۆڵی د. ڕەفیق’ی لە قۆناغە جیاجیاکاندا هەڵسەنگاند و وتی: د. ڕەفیق بە هەر شوێن و گۆشەیەکی ئەم خاک و نیشتمانەدا گوزەری کردبێت، سەروەتێکی گەورەی ئەدەبی و مەعریفی بەجێهێشتووە؛ مەرگی جەستەییشی هەرگیز کۆتایی بە ژیانی پڕ لە داهێنانی ناهێنێت، چونکە وشەکانی دەبنە چرای ڕێگەی نەوەکانی داهاتوو. لای خۆشیەوە، سەرخێل غەفار نوێنەری پارێزگاری هەڵەبجە، ستایشی هەڵوێستەکانی د. ڕەفیق سابیری کرد و ئەو شیعرە نەمرەی بیر ئامادەبووان هێنایەوە بۆ هەڵەبجەی نووسیبوو، کە چۆن بووە زمانحاڵی مەینەتییەکانی ئەو شارە و وێردی سەر زوبانی هەمووان، ئەمەش وەک بەڵگەیەک بۆ هاودەردی و بێداریی شاعیر بەرامبەر برینەکانی نەتەوەکەی. دواتر شاعیری ناسراوی کورد، هیوا قادر، بە ناوی دامەزراوەی چاپ و پەخشی سەردەمەوە لە وتەیەکدا باسی لە ڕۆڵی گرنگی کۆچکردوو کرد لە نوێکردنەوەی شیعری کوردی و دەوڵەمەندکردنی کتێبەخانەی کوردیدا. لە وێستگەی کۆتایی مەڕاسیمەکەشدا، بەڕێز جەوهەر بە ناوی بنەماڵە و کەسوکاری د. ڕەفیق سابیرەوە، سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی و ئامادەبووان کرد و وتیشی: وێڕای هەموو ئەو شاخەزارە لە شیعر و ئەدەب کە ئێوە باستان کرد، د. ڕەفیق بۆ ئێمە لە خێزان و خانەوادەکەشیدا سەردار و سەروەرێکی گەورە بوو. هەروەها تیشکی خستە سەر مێژووی پڕ لە سەروەریی کۆچکردوو، کە وەک تێکۆشەر و پێشمەرگەیەکی دێرینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و میللەتەکەمان لە شاخ خەباتی کردووە و یەکێکیش بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نووسەرانی کوردستان. جێگەی باسە لە پەراوێزی مەڕاسیمەکەدا، چەندین کورتە ڤیدیۆ سەبارەت بە ژیان، بەرهەم و ڕوانگە قووڵەکانی د. ڕەفیق سابیر بۆ ئامادەبووان نمایش کران.
لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا، دوای دانانی تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفاداریی قوباد تاڵەبانی، ئامادەبووان بە دانانی گوڵی پیرۆز لەسەر سەکۆی تەرمەکەی، ڕێزیان لە مێژووی ئەو قەڵەمە گرت. دواتر بە کاروانێکی شایستە تەرمەکەی بەرەو قەزای قەڵادزێ – زێدی لە داکبوونی بەڕێکرا، کە بە درێژایی ڕێگەکە لەلایەن خەڵکی خۆڕاگری هەردوو ناحیەی سەنگەسەر و ژاراوەوە بە گوڵباران پێشوازی لێکرا. لە دەروازەی قەڵادزێشەوە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە جەماوەری شارەکە بە گوڵ پێشوازییان لە گەڕانەوەی تەرمەکەی کرد، تا دواجار لە ئاپۆرایەکی گەورە و پڕ لە وەفادا لە گۆڕستانی شەهیدانی قەڵادزێ، وەک جێبەجێکردنی وەسییەتی خۆی، لە تەنیشت گۆڕی دایکییە میهرەبانەکەیەوە بە خاک سپێردرا و بۆ هەمیشە چووەوە باوەشی نیشتمان.



















