
لێپرسراوی مەڵبەند بەشداری یادی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکاران دەکات
ڕانیە – ڕۆژی ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦، هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی یادی یۆبیلی زێڕین و ٥٠ ساڵە یادی دامەزراندنی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان ٢٦ی نیسانی ١٩٧٦)، هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەڵبەند و لێپرسراوانی کۆمیتەکانی ڕانیە و دەروازە، سەردانی بازنەی ڕاپەڕینی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی کرد.
لە میانی سەردانەکەدا، لێپرسراوی مەڵبەند چەپکەگوڵی پیرۆزبایی مەڵبەندی پێشکەش بە لێپرسراو و ئەندامانی بازنەی ڕاپەڕینی ڕێکخراوەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی لە کار و چالاکی و خەباتی ڕێکخراوەییدا بۆ خواستن.
لە وتەیەکیشدا، هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، وێڕای پیرۆزبایی گەرمی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، ڕۆڵی مێژوویی و پڕسەروەریی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی لە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان و خەباتی مەدەنی و پیشەییدا بەرز نرخاند. ئاماژەی بەوەشدا کە کۆمەڵەی خوێندکاران هەمیشە وەک مەشخەڵێکی گەشاوە و خوێندنگەیەکی گرنگی پێگەیاندنی کادر و سەرکردەی لێهاتوو بۆ یەکێتی و کوردستان ڕۆڵی بینیوە. وتیشی توێژی خوێندکاران هەمیشە پێشەنگی گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی کۆمەڵگەن.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا، لێپرسراوی مەڵبەند جەختی لەسەر پەرۆشی و پشتیوانیی تەواوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین بۆ کار و پرۆژەکانی بازنەی ڕاپەڕینی کۆمەڵەی خوێندکاران کردەوە، بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری خوێندکاران و بەرگریکردن لە مافەکانیان و گەشەپێدانی تواناکانیان. هەروەها داوای لە خوێندکاران کرد کە بە هەمان ڕۆحیەتی جاران، لەسەر ڕێبازەکەی سەرۆک مام جەلال بەردەوام بن لە خۆپێگەیاندن و خۆپڕچەککردن بە زانست، تا بتوانن لە ئایندەدا ببنە داینەمۆی پێشخستنی نیشتمانەکەیان.
لای خۆشیانەوە، لێپرسراو و ئەندامانی بازنەی ڕاپەڕینی کۆمەڵەی خوێندکاران، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەردانەکە و بەسەرکردنەوەی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین دەربڕی و پەیمانیان نوێکردەوە کە درێژەپێدەری کاروانی خەبات بن و لە سەنگەری زانست و مەعریفەتەوە، بە گوڕ و تینێکی نوێوە خزمەت بە ئامانجە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خوێندکاران و کۆمەڵانی خەڵک بکەن.
