بۆردی راگەیاندن: رێگریکردن لەکاری رۆژنامەگەری سەرپێچییەکی یاسایی و ئەخلاقییە

ناوەندی بادینانی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێک بڵاودەکاتەوەو تێیدا رایدەگەیەنێت: رێگریکردن لە رۆژنامەنوسان لە دهۆک بە سەرپێچی یاسایی و ئەخلاقی دەزانین و پێویستە مافی کاری رۆژنامەنووسی و بەدەستهێنانی زانیاری بۆ سەرجەم رۆژنامەنووسان و دەزگا رەسمی و رێپێدراوەکان فەراهەم بکرێت.

دەقی پەیامەکە…

ڕێگریکردن لە ستاف و تیم و پەیامنێرانی کەناڵی “گەلی کوردستان” لەلایەن بازگەکان و هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای دهۆکەوە، بووەتە دیاردەیەکی بەردەوام و چەندین جار دووبارە دەبێتەوە، بەتایبەتی لە سنووری قەزای ئامێدیدا.

ئەم ڕەفتارانەی هێزە ئەمنییەکان، سەرپێچییەکی زەق و ئاشکرای یاسای ژمارە (35)ی کاری ڕۆژنامەگەرییە کە لە ساڵی (2007) لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەندکراوە، هەروەها سەرپێچییە لە یاسای ژمارە (11)ی مافی بەدەستهێنانی زانیاری کە پەرلەمان لە ساڵی (2013) پەسەندی کردووە.

کەناڵی گەلی کوردستان، دەزگایەکی میدیایی ڕێپێدراو و باوەڕپێکراوە، پەیامنێر و تیمەکانی کەناڵەکە مافی ئەوەیان هەیە لە هەر شار و ناوچەیەکی هەرێمی کوردستاندا پارێزراو بن و بێ ئاستەنگ و ڕێگری کارەکانی خۆیان ئەنجام بدەن. بەڵام بەداخەوە چەندین جار تیمەکانی گەلی کوردستان لە شار و ناوچە جیاجیاکان و بەتایبەتی لە سنووری قەزای ئامێدی، ڕووبەڕووی ڕێگری و ئاستەنگ بوونەتەوە لەلایەن بازگەکان و هێزە ئەمنییەکانەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی (28-4-2026)، لەو کاتەی پەیامنێری گەلی کوردستان لە قەزای ئامێدی هەوڵیدا بچێتە یەکێک لە گەڕەکەکانی شارەکە بۆ گەیاندن و ڕووماڵکردنی هەندێک گڵە و گازندە و داواکاریی هاووڵاتییان، بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لە پەیامنێر (عیسام ئامێدی) و ستافەکەی کردووە و دەرفەتیان نەداوە وەک ڕۆژنامەنووسێک ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.

ئێمە وەک ناوەندی بادینانی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەم جۆرە ڕێکار و ڕەفتارانە بە سەرپێچییەکی یاسایی و ئەخلاقی دەزانین. لە هەمان کاتدا داوا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و دادگا و دامەزراوە دادوەرییەکان دەکەین، کە دامودەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند بکەن بە جێبەجێکردنی یاسای کاری ڕۆژنامەگەرییەوە. هەروەها پێویستە مافی کاری ڕۆژنامەنووسی و بەدەستهێنانی زانیاری بۆ سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و دەزگا رەسمی و ڕێپێدراوەکان فەراهەم بکرێت و ئیتر ڕێگری لە ستافەکانی کەناڵی گەلی کوردستان و هیچ کەناڵ و دەزگایەکی ڕاگەیاندن نەکرێت.

ناوەندی بادینانی مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان