
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: ناوچەی راپەڕین-مان خستووەتە ناوپڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەرهەمە خۆماڵییە شیرەمەنییەكانەوە كەخاوەن پڕۆژەو خاوەن ئاژەڵەكان بەڕێژەیەكی بەرچاو لێی سوودمەند دەبن، هاوكات زەوییە كشتوكاڵییەكانی دەڤەری راپەڕین دەكەینە ناوەندی بەرهەمهێنانی بەرهەمی سۆیا، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە جوتیاران هاوكارمانبن و واز لەبەرهەمهێنانی گەنم بهێنن.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەك وەزارەتی كشتوكاڵ بەپلانی وەبەرهێنانی خۆمان و چۆنییەتی بەگەڕخستنی توانا مرۆیی و داراییەكانمان بەشدارییمان لەكۆنفرانسی زانكۆی راپەڕین بەهەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی ڤیژن كرد، كەتایبەتە بەچۆنییەتی پەرەپێدانی سێكتەرە جیاوازەكان لەسنووری ئیدارەی راپەڕین، هاوكات ناوەڕۆكی پلانەكەمان پێشكەش بە ئامادەكارانی كۆنفرانسەكە كردووە.
راشیگەیاند: دەشتی پشدەرو بتوین، یەكێكە لەدەشتە هەرە بەپیتەكانی عیراق، كەدەتواندرێت بۆ كشتوكاڵ و پێشەسازی و گەشتیاریش سوودی لێببیندرێت، هاوكات بەهاوكاری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوی فاو و بانكی نێودەوڵەتی و وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، ناوچەی راپەڕین-مان خستووەتە ناوپڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەرهەمە خۆماڵییە شیرەمەنییەكانەوە كەبەڕێژەیەكی بەرچاو خاوەن پڕۆژەو خاوەن ئاژەڵەكان بەشداریی تێدا دەكەن و لێی سوودمەند دەبن.
وتیشی: پڕۆژەكە لەقۆناغی راهێنان و فێركردن و چۆنێتی روستكردنی بەرهەمەكانەوە دەستپێدەكات تاوەكو پاكێجینی مۆدێرن و سیستمی پێشكەوتو و بەبازاڕكردنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، ئەوەشی خستەڕوو: دەمانەوێت زەوییە كشتوكاڵییەكانی دەڤەری راپەڕین بكەینە ناوەندی بەرهەمهێنانی بەرهەمی سۆیا، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە جوتیاران هاوكارمانبن و واز لەبەرهەمهێنانی گەنم بهێنن، چونكە بەبەرهەمهێنانی گەنم دەتواندرێت تەنها یەك وەرز سوود لەزەوییەكان ببینرێت، بەڵام بۆ بەرهەمی دیكە دەتوانین چوار وەرزە سوود لەزەوییەكان وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق بڕیارمانداوە سەرمایەدارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق بهێنین و لێرە وەبەرهێنانی كشتوكاڵی بكەن.
ئەمڕۆ 29ی 4ی 2026، زانكۆی راپهڕین و دامهزراوهی ڤیژن لهژێر چاودێری و سهرپهرشتی قوباد تاڵهبانی جێگری سهرۆك وهزیرانی حکومەتی ههرێمی كوردستان، دیدارێكی زانستی لهسهر گهشهپێدانی ئابووری ئیدارهی راپهڕین، رێكخست.
