
مەڵبەندی ڕاپەڕین بەبۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکارانەوە، پەیامێک بڵاودەکاتەوە و تێیدا جەخت لە خەباتی نەپساوەی یەکێتی دەکاتەوە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی ڕەنجدەران.
دەقی پەیامەکە…
لەیادی شکۆداری یەکی ئایاردا، گەرمترین و هەڤاڵانەترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کرێکاران و ڕەنجدەرانی بیر و بازوو لە کوردستان بەگشتی و دەڤەری ڕاپەڕین بەتایبەتی دەکەین. یەکی ئایار تەنها بۆنەیەک نییە بۆ یادکردنەوە، بەڵکوو وێستگەیەکی گرنگی نوێکردنەوەی پەیمان و درێژەدانە بەو خەباتەی کە بۆ دەستەبەركردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە و بێ چەوساندنەوە دەدرێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە هەناوی نەهامەتییەکانی زەحمەتکێشەوە سەریهەڵداوە، هەمیشە خۆی بە خاوەنی ڕاستەقینەی خەمی کرێکاران زانیوە. کرێکاران و کاسبکاران نەک هەر لە ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانی ژێرخانی ئابووریدا پشکی شێریان بەرکەوتووە، بەڵکوو لە شۆڕشی نوێ و ڕۆژانی بەرەنگاریدا، هەمیشە پێشەنگی قوربانیدان و کۆڵەکەی بەهێزی بەرخۆدان بوون.
لەم ڕۆژەدا، مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین دووپاتی دەکاتەوە کە لەسەر ڕێبازەکەی سەرۆک مام جەلال، پاڵپشت و داکۆکیکاری سەرسەختی داواکارییە ڕەواکانی کرێکار دەبێت. ئەرکی ئەمڕۆمان تێکۆشانە بۆ چەسپاندنی یاسایەکی هاوچەرخی کار کە مافی سەندیکایی، بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئاسایشی پیشەیی بۆ هەمووان دەستەبەر بکات و دەرفەتی یەکسانی کارکردن بڕەخسێنێت.
سڵاو لە ماندووبوون و ئارەقەی نێوچەوانی هەموو ئەو کرێکارانەی بۆ پەیداکردنی پاروویەکی حەڵاڵ و بونیادنانی نیشتمان تێدەکۆشن. سڵاو لە ڕۆحی پاکی ئەو ڕەنجدەرانەی لەکاتی کارکردن و لە پێناو بژێویدا گیانیان بەختکرد. نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
