سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی پێشوازی لە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عیراق كرد

کەمێک پێش ئێستا عەلی زەیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، گەیشتە فڕۆکەخانی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.

هاوکات لەلایەن هەڤاڵان قوباد تاڵەبانی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و خالید شوانی و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پێشوازی لێکرا.

سەردانەکەی عەلی زەیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق بۆ سلێمانی دوای ئەوە دێت، کە بەیانی ئەمڕۆ گەیشتبووە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و پاش چەند کۆبوونەوەیەک دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتە سلێمانی.

لەبارەی سەردانەکەشەوە د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن وتی: ئەم سەردانە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە ئەو بارودۆخەی لەناوچەکە هەیە، کە تا رادەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر عیراق دروستکردووە، پێویستە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق پەلە بکرێت.

راشیگەیاند: سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ سلێمانی بەمەبەستی کۆبوونەوەیە لەگەڵ لایەنەکاندا، تاوەکو بەرنامەیەکی هاوبەش دابنرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت کە دواجار وەڵامدەرەوەی داخوازییەکانی هاووڵاتیان بێت.