مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە ڕۆژی جیهانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریدا: هەمیشە پێنووسەکانتان تیژ و ئازادیی پرەنسیپتان بێت.

بەبۆنەی (٣ی ئایار) ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوه‌، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان، میدیاکاران و قەڵەمە بوێرەکانی کوردستان و دەڤەری ڕاپەڕین بەتایبەتی دەکەین.

ڕۆژنامەگەریی ڕاستگۆ و بەرپرسیار، پایەیەکی پتەوی هەر کۆمەڵگەیەکی زیندوو و دیموکراسییە. لەم ڕۆژەدا، وێڕای پێزانینی زۆرمان بۆ کۆشش و شەونخوونیی ئەو میدیاکارانەی کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پیشەکەیان پیادە دەکەن، جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕمان دەکەینەوە بۆ پشتیوانیکردنی تەواوەتی لە ئازادیی ڕادەربڕین و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار و سەلامەت بۆ کاری ڕۆژنامەوانی.

دەڤەری ڕاپەڕین کە هەمیشە مەڵبەندی ڕەچەشکێنی ڕۆشنبیری و خەباتی مەدەنی بووە، جێدەستی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی ئەم سنوورە لە پێشخستنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و گەیاندنی پەیامی ڕاستەقینەدا بەڕوونی دیارە. ئێمە لە مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، پێمانوایە پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان و دەستەبەرکردنی ئازادییەکانیان، ئەرکێکی نیشتمانییە و دەبێت دوور لە هەر فشار و کۆتوبەندێک، میدیاکاران بتوانن ببنە چاوی ڕاستەقینەی خەڵک و چاودێرێکی ورد بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی باشتر.

لەم بۆنەیەدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی سەرجەم ئەو ڕۆژنامەنووسانە دادەنوێنین کە لە پێناو گەیاندنی ڕاستییەکان و وشەی ئازاددا گیانی خۆیان بەخشی.

هەمیشە پێنووسەکانتان تیژ و ئازادیی پرەنسیپتان بێت.

مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
٣ی ئایاری ٢٠٢٦