
لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و ستافی وەزارەتەکە باسمان لە چارەسەرکردنی کێشەی گەنمی جوتیارانی هەرێم کرد و بەڵێنماندا لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چارەسەرکردنی یەکجاریی ئەم کێشەیە دەخەینە ئەولەوییەتی کارەکانمانەوە. دەستخۆشیشم لێ کردن کە بەهۆی هەوڵەکانی ئەوانەوە لەم کابینەیەدا، هەرێمی کوردستان لە هەرێمێکی هاوردەکارەوە بووە بە هەرێمێکی بەرهەمهێن و کەرتی کشتوکاڵ پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەیەکی دیکەمدا لەگەڵ عەبدولڕەحمان عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی بەنداو و کۆگانی ئاو و ستافی بەڕێوەبەرایەتییەکە، خۆشحاڵیی خۆم دەربڕی کە لەم کابینەیەدا ژمارەیەکی باش بەنداوی گەورە و بچووک دروست کراوە. سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونیانم کرد و داوام لێ کردن پلانێک ئامادە بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و کەمبارانی لە ساڵانی داهاتوودا و هەروەها پلانێکی دیکەش ئامادەبکەن بۆ ئەوەی لە بەنداوەکان وەک شوێنی گەشتیاریی سەرنجڕاکێش کەڵک وەربگیرێت.





