
دانانی یەکەمین پارێزگار لە پێکهاتەی تورکمان لە مێژووی سەد ساڵی رابردووی کەرکوکدا، رووداوێکی گرنگی مێژووییە و هیوادارین ئەم رووداوە گیانی پێکەوەژیان و برایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی ئەم شارەدا قووڵتر بکاتەوە.
لە سەردانمدا بۆ کەرکوک لەگەڵ محەمەد سەمعان، پارێزگاری نوێ و رێبوار تەها، جێگری پارێزگار کۆبوومەوە، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونم لێ کردن و پشتگیریکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشم بۆ دووپات کردنەوە.
جەختیشم کردەوە یەکێتی شانازی بەوەوە دەکات هەر لە سەرەتاوە ئاڵاهەڵگری پێکەوەژیان بووە لە کەرکوک و هەمیشە دژی پەراوێزخستنی هەر پێکهاتەیەک بووین و ئێستاش پێمانوایە پارێزگار یان هەر پۆستێکی دیکە لای هەر پێکهاتەیەک بێت، دەبێت بێ جیاوازی خزمەتی هەمووان بکات، چوونکە هەر سیاسەتێک جگە لەمە شکست دەهێنێت و خزمەتی کەرکوک ناکات.
