
پیشەی پەرستاری، تەنها کارێک نییە، بەڵکوو پەیامێکی باڵای مرۆڤدۆستانە و بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی گەورەیە و دەکەوێتە هێڵی پێشەوەی خزمەتکردنی کۆمەڵگە. پەرستاران ئەو دەستە میهرەبان و دڵە پڕ لە ئومێدانەن کە لە سەختترین ساتەکانی ژیاندا، بەبێ گوێدانە ماندووبوون و بەبێ چاوەڕوانیی پاداشت، چاودێریی نەخۆش دەکەن و هیوا بە مرۆڤایەتی دەبەخشنەوە. ئەوان شایەنی بەرزترین ئاستی ڕێزلێنانن، چونکە بە کار و شەونخوونیی ڕۆژانەیان، دەرگای ژیانێکی نوێ بەڕووی هەزاران مرۆڤدا دەکەنەوە.
لەڕۆژی جیهانیی پەرستاران (١٢ی ئایار)، مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم پەرستارە ئازا و دڵسۆزەکانی دەڤەری ڕاپەڕین، هەرێمی کوردستان و جیهان دەکات. لەم بۆنەیەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ یاد و ناوی ئەو پەرستارە گیانبازانە دادەنوێنین کە لە کاتی قەیرانە تەندروستییەکان و پەتا جیهانییەکاندا، گیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ پاراستنی ژیانی هاونیشتمانیان و هەرگیز لەبیریان ناکەین.
ئێمە پێمانوایە، ڕێزلێنانی ڕاستەقینە لەم توێژە گرنگە تەنها بە وتە و دروشم نابێت، بەڵکوو پێویستە بە هەنگاوی کرداری بێت. بۆیە بە شایستەی دەزانین کە حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، ئاوڕی جدی لە باشترکردنی ژیان، گوزەران و مووچەی پەرستاران بدەنەوە و ژینگەیەکی شیاو و مۆدێرنی کارکردنیان بۆ دەستەبەر بکەن، تا بتوانن بە کاراییەکی زیاترەوە درێژە بەم ئەرکە پیرۆزەیان بدەن.
بەو ئومێدەی کەرتی تەندروستی و ساغڵەمیی کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەرەکەمان بەتایبەتی و جیهان بەگشتی، گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. جارێکی دیکە جەژنتان پیرۆز بێت، دەستی ماندووبوونی یەکەیەکەتان دەگوشین و مەڵبەند وەک هەمیشە پشتیوان و داکۆکیکاری مافە ڕەواکانتان دەبێت.
سەرکەوتوو بن لە خزمەتی گەل و مرۆڤایەتیدا..
مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین
