لێپرسراوی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتی سەردانی مەڵبەند دەکات


مەڵبەند – دووشەممە، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٦

هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی مەڵبەند، پێشوازییەکی گەرمی لە هەڤاڵ سالار سەرحەد، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڤاڵانی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا کە مەبەستەکەی پیرۆزبایی کردن بوو لە هەڤاڵ حەیدەر بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لەگەڵیدا پتەوترکردنی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چڕکردنەوەی هەماهەنگیی ئۆرگانیکیی لە دەڤەرەکەدا بۆ هەرچی باشتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک گفتۆگۆ کرا.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، سوپاسی پیرۆزبایی و سەردانەکەی کردن و خۆشحاڵیی خۆی بەرامبەر بە هاتن و بەسەرکردنەوەکەیان دەربڕی، و ڕایگەیاند: بەسەرکردنەوەی مەڵبەند و دەڤەرەکەمان لەلایەن هەڤاڵانەوە نیشانەی گرنگیپێدانی سەرکردایەتیی یەکێتییەکەمانە بە دەڤەری ڕاپەڕین و مەڵبەندی دەکەی. ئێمە ئەمە بە دەرفەتێکی گرنگ دەزانین بۆ ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا و دیاریکردنی ئەو پێداویستییانەی دەڤەرەکەمان پێویستی پێیانە. وتیشی: دڵنیاین کە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ناوەندییەکانی یەکێتی، دەتوانین خزمەتێکی شایستەتری خەڵکی دەڤەرەکەمان بکەین.
لای خۆیشییەوە، هەڤاڵ لێپرسراوی پەیوەندییە کوردستانییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزبایی گەرمی خۆی بە هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش گەیاند بەهۆی دەستبەکاربوونی بە لێپرسراوی مەڵبەند، و وتی: هەڤاڵ حەیدەر، بە ئەزموون و خەباتی درێژخایەنی خۆی لە ڕیزەکانی یەکێتیدا، شایانی ئەم ئەرکە گرنگەیە. مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، یەکێکە لە مەڵبەندە مێژوویی و گرنگەکانی یەکێتییە و دڵنیاین قۆناغێکی نوێی پێشکەوتن و خزمەتگوزاریی تێدا دەستپێ دەکات.
هەڤاڵ سالار سەرحەد جەختیشی لەوە کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک حزبێکی نیشتمانیی ڕەسەن و خاوەن مێژوویی خەباتی پڕ لە شانازی، بەردەوامە لە سیاسەتی پەیوەندییە کوردستانییەکانیدا لەسەر بنەمای دیالۆگ و هاوکاری و ڕێزی هاوبەش و ئەم سیاسەتەش لە ئاستی هەموو مەڵبەندەکاندا، بەتایبەتی لە دەڤەرە مێژوویی و گرنگەکان وەک دەڤەری ڕاپەڕین، پێویستی بە جێبەجێکردنێکی ڕۆژانە و هەماهەنگییەکی ئۆرگانیکی باشتر هەیە لەنێوان لێپرسرایەتیی ناوەندی و لێپرسرایەتیی مەڵبەندەکاندا. ئاماژەی بەوەشکرد کە دەڤەری ڕاپەڕین، بەهۆی تایبەتمەندییە جوگرافی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی، لە نەخشەی پەیوەندییە کوردستانییەکاندا گرنگە و دەبێت ڕۆڵێکی چالاک ببینێت لە پەرەپێدانی کلتووری هاوژیانی سیاسی و بەرزڕاگرتنی ئاستی هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی دەڤەرەکەدا، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئاسوودەیی هاووڵاتیان و بەرژەوەندیی گشتی