
مەڵبەند – دووشەممە، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٦
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش، لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، بە ئامادەبوونی هەڤاڵانی مەڵبەند، پێشوازییەکی گەرمی لە لیژنەی ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان، هەڤاڵان زیاد جەبار و لوقمان وەردی – ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، هەڤاڵان چەپکە گوڵی پیرۆزباییان بە بۆنەی دەستبەکاربوونییەوە وەک لێپرسراوی مەڵبەند پێشکەشی هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش کرد و پشتیوانیی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان بۆ لێپرسراوی نوێی مەڵبەند و کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەرەکە دووپات کردەوە و ڕایانگەیاند: دەستبەکاربوونی هەڤاڵ حەیدەر، بەرهەمی متمانەی سەرۆک و سەرکردایەتیی یەکێتییە بە ئەزموون و توانا و دڵسۆزییەکەی و دڵنیاین بە هاوکاری هەڤاڵانی مەڵبەند و پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین، لە جێگەی ئەو متمانەیەدا دەبێت. هەروەها وتیشتان: سەرکردایەتیی یەکێتی، مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕینی بە یەکێک لە ستوونە بنەڕەتییەکانی خۆی دەبینێت و هەموو پشتیوانییەکی پێویست بۆ سەرکەوتنی پلان و پڕۆگرامەکانی دەستەبەر دەکات.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، هەڤاڵانی لیژنەی ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان هەڵوێستەیەکی وردیان لەسەر پرس و پرۆسەی نوێبوونەوە لە ژیانی حزبی و یەکێتییدا کرد و تیشکیان خستە سەر گرنگیی پرۆسەکە لە بەهێزکردنی پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان و گونجاندنی لەگەڵ گۆڕانکارییە جیاوازە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی قۆناغی ئێستا. ئاماژەیان بەوەشکرد نوێبوونەوە، پرۆسەیەکی هەمەلایەنەیە و دەرفەت بۆ نەوەی ئەمڕۆ دەڕەخسێنێت، پشت بەست بە ئەزموون و خەباتی هەڤاڵان توانا تازەکان دەخاتە کار و ڕێز لە تێکۆشەران دەگرێت.
ڕوونیشیانکردەوە گۆڕانکاری و ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان، پێویستییەکی حەتمیی قۆناغەکەیە، لەم بارەیەوە وتیان: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک حزبێکی زیندوو و گەشەسەندوو، بەردەوام پێویستی بە پێداچوونەوە و نوێکردنەوەی پێکهاتە ڕێکخراوەییەکانی هەیە، ئەمە نەریت و میراتی سەرۆک (مام جەلال)ـە و هەمووان درێژەپێدەری ئەم ڕێبازە پیرۆزەین، تا بتوانێ بەشێوەیەکی کاراتر وەڵامی داخوازی و پێداویستییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و یەکێتییەکان بداتەوە. ئەم پرۆسەیە بەپێی ستراتیژییەکی ڕێکخراو و بنەمای ڕوون دەچێتە پێشەوە، کە لێپرسراوێتی و شەفافیەت و دادپەروەری لە سەرووی هەموو پێوەرەکانیدا دێن و مەبەستی سەرەکیشی، بەهێزکردنی توانای یەکێتییەکەمانە لە بەرامبەر ئەرکە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکاندا.
هەڤاڵانی لیژنە باسیان لەوەشکرد یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕەگ و ڕیشەی لە دڵ و دەروونی کۆمەڵانی خەڵکدایە و هیچ هەڤاڵ و کادرێک ناکەوێتە دەرەوەی پرۆسەکەو ئەمە بۆ هەمووانە، دەرفەتێکە بۆ پێشکەشکردنی توانا و ئەزموونەکان لە خزمەتی یەکێتیی و گەلی کوردستاندا.
لای خۆیشییەوە، هەڤاڵ لێپرسراوی مەڵبەند، سوپاسی پیرۆزبایی و پشتیوانیی سەرکردایەتیی یەکێتیی بۆ مەڵبەند و خەڵکی دەڤەرەکە کرد و سەردانەکەیانی بە گرنگ و بەهادار وەسف کرد و ڕایگەیاند: ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیار و گرنگدا ئەنجامدراوە و دەرفەتێکی نایابە بۆ ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا لەسەر ئەو ئەرکانەی کە لە بەردەمماندان. ئێمە لە مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، پرۆسەی نوێبوونەوە بە دەرفەتێکی مێژوویی دەزانین بۆ بەهێزترکردنی پێکهاتە ڕێکخراوەییەکانمان و چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان لە پێناو خزمەتی خەڵکی دەڤەرەکەمان و دڵنیاین دەرئەنجامی ئەرێنیی دەبێت بۆ هەموو ڕیزەکانی یەکێتی.
هەڤاڵ حەیدەری ئاسایش وتیشی: پێکەوە لەگەڵ هەڤاڵانی مەڵبەند و سلکە جیاکانی دەڤەرەکە، لە پێناو هەرچی باشتر خزمەتکردنی دەڤەرەکە و خەڵکە خۆشەویستەکەی، سەرگەرمی داڕشتنی پڕۆگرام و نەخشەڕێی نوێی کارکردن دەبین و قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ڕێکخراوەیی و خزمەتی دەڤەرەکە و خەڵک دەستپێدەکەین. بە یارمەتیی خوای گەورە و پشتیوانیی هەڤاڵان و کۆمەڵانی خەڵک، بەرهەمی باشی لێدەکەوێتەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەڤاڵانی لیژنە، لە کەشێکی هەڤاڵانەی پڕ لە جۆش و خرۆشدا، چاوپێکەوتنی هەڤاڵانی مەڵبەندیان دەستپێکرد و هەڤاڵانیان دڵنیا کردەوە کە لیژنەی ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان گوێگری گلەیی و پێشنیار و تێبینییەکانی هەموو هەڤاڵان و کادران دەبێت. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە دەرگای لیژنەکە کراوەن لەبەردەم هەموو ئەو هەڤاڵانەی کە خواستی وەرگرتنی لێپرسراوێتی و ئەرکی نوێیان لە مەڵبەندەکەدا هەیە.
