مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین بۆ مامۆستایان: لەسەر رێبازە پیرۆزەکەی سەرۆک (مام جەلال)، پارێزەر و داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانتان دەبین.

بەبۆنەی تێپەڕبوونی (٦٤) ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، گەرمترین و جوانترین چەپکەگوڵی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان و مامۆستایانی سنووری راپەڕین دەکەین. یەکێتیی مامۆستایان، وەک رێکخراوێکی پێشەنگ و دێرین، هەمیشە سەنگەرێکی پتەوی خەباتی پیشەیی و نیشتمانی بووە.

مامۆستایانی بەڕێز..
مێژووی خەباتی گەلەکەمان گەواهیدەری ئەو راستییەیە کە مامۆستایان هەمیشە لە ریزی پێشەوەی تێکۆشاندا بوون؛ هەم وەک پێشمەرگەی شاخ لە سەنگەری بەرگریدا و هەم وەک مەشخەڵانی زانست و هۆشیاری لە شارەکاندا. لەم ساڵانەی دواییشدا و لە سەختترین هەلومەرجی ئابووری و قەیرانە یەک لەدوای یەکەکاندا، ئێوە بە ورەیەکی پۆڵایینەوە سەنگەری پەروەردە و فێرکردنتان چۆڵ نەکرد. ئەم خۆڕاگرییەتان جێگەی شانازیی هەموومانە و سەلماندتان کە مامۆستایانی کورد، لە ئاستەنگییەکان گەورەترن.

مەڵبەندی ٢٤ی راپەڕین، وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی بێمەرجمان بۆ خەباتی مەدەنی و سەرجەم داواکارییە رەواکانتان، پێتان رادەگەیەنین کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەسەر رێبازە پیرۆزەکەی سەرۆک (مام جەلال)، خۆی بە پارێزەر و داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانتان دەزانێت. ئێمە لە خەمی قووڵی ئێوە تێدەگەین و درێغی ناکەین لە هیچ هەوڵێک بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانتان و پێشخستنی کەرتی پەروەردە، چونکە بڕوای تەواومان بەوە هەیە کە گەرەنتیکردنی داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانمان، لە دەستی ئارام و پڕ هیوای ئێوەدایە.

بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای زانست و پەروەردە.
سڵاو لە خەباتی بێوچانی مامۆستایانی کوردستان.

مەڵبەندی ٢٤ی راپەڕین