مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین: لە ٣٨ەمین ساڵیادی کیمیابارانی وەرێ‌دا جەخت لە دادپەروەری و پاراستنی ڕێبازی شەهیدان دەکەینەوە


ئەمڕۆ سی و هەشت ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی گوندی (وەرێ)دا تێدەپەڕێت. ١٧ی ئایاری ١٩٨٨، لە کاتێکدا گەلی کوردستان لە قۆناغی پێنجەمی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالدا بەرگریی لە بوون و شوناس و مانەوەی نەتەوەیی خۆی دەکرد، ڕژێمی فاشیستی بەعس بە سەرکردایەتیی سەدامی دیکتاتۆر لە ڕێگەی جەلادەکانیەوە، چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتیی دژ بە دانیشتووانی بێتاوانی ئەم گوندە تێکۆشەرەی دامێنی دۆڵی سماقوڵی و دەڤەری خۆشناوەتی بەکار هێنا.

ئەو ڕۆژە، وەرێ کە گوندێکی بچووکی خەڵکێکی زەحمەتکێش و سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بوو، بووە یەکێک لەو سەنگەرە بەرزانەی باجی بەرگریکردن لە ئازادییان دا. لەو هێرشە دڕندانەیەدا، ٣٧ هاووڵاتیی سڤیل و بێتاوان شەهید بوون و دەیانی دیکەش بریندار بوون. لێکەوتە تەندروستی و دەروونییەکانی ئەو گازە ژەهراوییە، لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی هەناسە، دڵ و شێرپەنجەوە بگرە تا دەگاتە ئەو کێشە زگماکیانەی بەرۆکی نەوەکانی دواتری گرتووەتەوە، هەموویان بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەو ڕاستییەن کە تاوانی کیمیاباران لەو ڕۆژەدا نەوەستا، بەڵکوو برینەکانی هێشتاش قوربانی دەستێنن.

مەرامی ڕاستەقینەی بەعس لە کیمیابارانکردنی وەرێ و گوندەکانی تری هاوسەنگەری، وەک وەرتێ، نازەنین، گوڵان، بالیسان، شێخ وەسانان، گۆپتەپە و سێوسێنان، بەشێک بوو لە ستراتیژیەتێکی پلانبۆداڕێژراو بۆ پاکتاوی ڕەگەزی و سڕینەوەی ناسنامەی کورد لەسەر نەخشەی جوگرافیای جیهان. ویستیان بە گازی ژەهراوی ڕیشەی ئەم گەلە لە خاکی نیشتمان هەڵکێشن، بەڵام مێژوو سەلماندی خوێنی قوربانییان نەک هەر ئیرادەی شۆڕشگێڕی ناشکێنێت، بەڵکوو دەبێتە بزوێنەری گەشەکردنی نەوەکانی داهاتوو.

گوندی وەرێ و خەڵکە قارەمانەکەی، لە کاتێکدا ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان لە بەرامبەریاندا لەپێناو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان بێدەنگییان هەڵبژاردبوو، بوونە هێمای درەوشاوەی بەرخۆدان. خوێنی گەشی شەهیدان لە دۆڵەکانی خۆشناوەتیدا، بووە هەوێنی هەستانەوە و داڕشتنی بنەمای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١؛ ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی کە زنجیرەکانی کۆیلایەتیی پچڕاند و دەروازەی قۆناغی نوێی ڕزگاری و بونیادنانی قەوارەی فەرمیی هەرێمی کوردستانمان بوو.

هەڤاڵان و تێکۆشەرانی ڕێگەی ڕەسەنی کوردایەتی…
ئێمە لە مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین، لە کاتێکدا بەوپەڕی وەفادارییەوە لەبەردەم مەزاری پیرۆزی شەهیدانی کیمیابارانی گوندی وەرێدا سەری ڕێز دادەنەوێنین، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە پارێزەری دڵسۆزی ئەو ئازادییە بین بە خوێنی پاکی ئەوان بەدی هاتووە. ڕێباز و قوربانتیدانی ئەوان پیرۆزترین ئەمانەتە لەسەر شانی ئێمە.

لەم یادە خەمناکەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانیی خۆمان بۆ خزمەتکردنی شایستەی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەو بەرکەوتووانەی کە دەیان ساڵە بەدەست زامەکانیانەوە دەناڵێنن. هاوكات، جەخت دەکەینەوە لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکانمان لە پێناو بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی ئەنفال و کیمیاباران وەک جینۆسایدێکی نەتەوەیی لە ناوەندە فەرمییەکاندا، چونکە بەدەستهێنانی دادپەروەریی ڕاستەقینە و دانپێدانانی نێودەوڵەتی، تاکە گەرەنتییە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانە دڕندانانە.

سڵاو لە ڕۆحی پاک و بێگەردی شەهیدانی کیمیابارانی گوندی وەرێ.
نەمری و سەربەرزی بۆ سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان.

مەڵبەندی ٢٤ی ڕاپەڕین